Bekir Aydoğan
25 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2021
ھەولێر - AA
لە شاری ھەولێر بەبۆنەی "٢٤ی کانوونی دووەم، رۆژی رۆشنبیری تورکمان" چالاکییەک بەڕێوەچوو.
چالاکییەکە لە لقی پارێزگای ھەولێری بەرەی تورکمانی عێراق، بە ئامادەبوونی وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان و ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بەرەی تورکمانی عێراق، ئایدن مەعروف، بەرپرسی حیزبییە تورکمانەکان، رۆشنبیران و خێزانەکانیان بەڕێوەچوو.
ئایدن مەعروف لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاشكرایكرد ئهو رۆژە مێژوویەکی گرنگی ھەیە بۆ تورکمانەکان و ئاماژهی بهوهكرد، حیزبی بەعس لە ٢٤ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧٠دا دانی بە مافە رۆشنبیرییەکانی تورکمانەکان ناوە.
- تورکمانەکان لە رێگەی دیالۆگ و ئاشتییەوە ھەوڵی بەدەستھێنانی مافەکانیان داوە
ئایدن مەعروف، ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە وەکو ھەموو قۆناغێک لەم قۆناغەشدا لە رێگەی دیالۆگ و ئاشتییەوە ھەوڵی بەدەستھێنانی مافەکانیان داوە و ئاشكرایكرد، بەھۆی گرنگی ئەم رۆژەوه ھەموو ساڵێک لە ٢٤ی کانوونی دووەم لە کەرکووک و سەرجەم ئەو ناوچانەی کە تورکمانی لێیە چالاکی ئەنجامدەدەن.
وەزیره تورکمانەکە، ئاماژەی بە گرنگی بەدەستھێنانی مافی سیاسی لە پاڵ مافی رۆشنبیریی بۆ تورکمانەکان کرد و رایگهیاند: "تورکمانەکان لە مافە رۆشنبیرییەکانیان زیاتر داوای مافە سیساییەکانیان کردووە. چونکە مافە سیاسییەکان سەرجەم مافەکان لە خۆدەگرێت. لەبەرئهوه، لە عێراقدا مافە سیاسییەکان بۆ ئێمە گرنگە، مافە نەتەوەییەکانمان گرنگە".
- "داواکارین مافە دەستوورییەکانمان بە کرداری جێبەجێبکرێت"
ئایدن مەعروف، ئاماژەی بەوەشكرد کە گرنگترین داواکارییەکانی ئەمڕۆی تورکمانەکان بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکانیانە و ئاماژهی بهوهكرد، داوای ئەوەیان کردووە کە ئەو مافانەی کە لە دەستووردا ھەیانە بە کرداری جێبەجێبکرێت.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان ئایدن مەعروف، جەختی لەوە کردەوە کە تورکمانەکان بە گوێرەی دەستووری عێراق و مێژووش، پێکھاتەیەکی سەرەکی گرنگن لە عێراق و لە ھەرێم و سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە تورکمانەکان ھەمووکات لایەنگری ئاشتی، دۆستایەتی و پێکەوەژیان بوون.