Heman Hussein Yaseen
14 کانوونی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2023
هەولێر - AA
پێنجەمین پێشانگای نێودەوڵەتی جلوبەرگ و جوانکاری لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر کرایەوە و ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
لە ڕێوڕەسمێکدا هەریەک لە وەزیری تەندروستی هەرێم، سامان بەرزنجی، کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر، مەولود یاقوت و چەندین بەرپرسی دیکە پێشانگاکەیان کردەوە و سەردانی سەرجەم بەشەکانی پێشانگایان کرد.
سەرپەرشتیاری گشتی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، گۆران سەعد عەبدوڵڵا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند کە لەم پێشانگایەدا ١٣٥ کۆمپانیا لە ١٥ وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن کە بریتیین لە وڵاتانی ئیتاڵیا، تورکیا، بەریتانیا، چین، ئێران، ھیند، مەغریب و میسر و چەند وڵاتێکی دیکە.
ناوبراو ئەوەیشی خستەڕوو کە ئەو پێشانگایە دوو بەش لەخۆ دەگرێت، بەشی جوانکاری و بەشی جلوبەرگ، جەختی لەوەشکردەوە کە وێڕای بەڕێوەچوونی چوار ڕۆژەی پێشانگاکە، هاوکات شەوانە زنجیرەیەک فیستیڤاڵی کریسمس لە گۆڕەپانی پێشانگاکە بەڕێوەدەچێت.
نوێنەری یەکێک لە کۆمپانیاکانی جوانکاری، کردنەوەی پێشانگاکە بە هەنگاوێکی باش وەسف دەکات بۆ ئەوەی بتوانن بەرهەمەکانییان بە کڕیارەکان بناسێنن.
نوێنەری کۆمپانیای لانە بۆ بەرهەمی سرووشتی، ئامێز عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە بەشداریمان لەو پێشانگایەدا کردووە بۆ ئەوەی کۆمەڵێک بەرھەمی سرووشتی خۆمان نمایش بکەین کە نزیکەی ٦٠ بەرهەمە، پێمانوایە ئەمە ھەنگاوێکی باشە بۆ ناساندنی بەرھەمەکانمان، ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژە و تا ئێستا پێشوازییەکی باشی ھاووڵاتیییان ھەیە و چاوەڕوانین لە ڕۆژانی داهاتووشدا ژمارەی سەردانیکاران زیاد بکات و پەیوەندییەکی باشی بازرگانی دروست بێت".
زۆرترین کۆمپانیای بەشداربوو لە پێشانگاکە، کۆمپانیا تورکییەکانن و نوێنەری یەکێک لە کۆمپانیاکانیش ئاماژە بەوە دەکات کە لە چەندین وڵاتی جیاوازەوە کڕیاریان هەیە و خواستی هەیە لەم پێشانگایەش چەندین کڕیار بۆ بەرهەمەکانییان بدۆزنەوە.
نوێنەری کۆمپانیای کوپا، مەحموود گولماز بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "یەکەمجارە سەردانی هەرێم دەکەین و بەشداردەبین لە پێشانگایەکی نێودەوڵەتی، ئێمە ماوەی ٣٣ ساڵە کارگەی جلوبەرگمان ھەیە و جلوبەرگی منداڵان لە تەمەنی یەک تا ١٢ ساڵی دروست دەکەین، لە زۆربەی وڵاتان کڕیارمان ھەیە، لەم پێشانگایەشدا دەمانەوێت زۆرترین کڕیار ببینین و بزانین خواستیان لەسەر چ جۆرە بابەتێک ھەیە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بۆیان دروست بکەین".
پێنجەمین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ جلوبەرگ و جوانکاری، ڕۆژانە لە کاتژمێر ١١ی بەیانی تا هەشتی شەو بەردەوام دەبێت و ماوەی چوار ڕۆژ دەخایەنێت و پێشتریش چوارەم پێشانگا لە ساڵی ٢٠١٩ بە بەشداری چەندین کۆمپانیای ناوخۆ و بیانی کرابووەوە.