Sarmand Hameed
29 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 30 ئادار 2021
هەولێر - AA
دادوەرانی راسپێردراو بۆ دیاریکردنی سەرۆک و ئەندامانی دادگای باڵای فیدڕالی لە عێراق کۆبوونەوە و تیایدا ئەو ئەندامانەیان دیارییکرد کە لە دانیشتنی پێشووی دەستەکەدا دیاریینەکرابوون.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە لایهن ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق بڵاوکراوەتەوە، دادوەرانی راسپێردراو بۆ دیاریکردنی سەرۆک و ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی لە عێراق کە پێکهاتوون لە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، فایەق زێدان و سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی، مەدحەت مەحمود و سەرۆکی دەزگای داواکاری گشتیی، سالم محەمەد نوری و سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیاریی دادوەری، جاسم محەمەد عەبود، کۆبوونەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە کۆبوونەوەکە پشت بەستن بە ماددەی سێ/بڕگهی دووەم لە هەمواری یەکەمی یاسای ژمارە ٣٠ ساڵی ٢٠٠٥ی دادگای باڵای فیدراڵی ئەنجامدراوە.
باس لهوهشكراوه کە دادوەرانی راسپێردراو، پێکهاتەی دادگای باڵای فیدراڵییان تەواوکردووە کە پێکهاتووە لە سەرۆک و جێگر و ئەندامانی رەسەن و یەدەگی دادگاکە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، پێکهاتەی دادگاکە تەواوکراوە کە لە کۆبوونەوەی رۆژی ٢٤ی ئاداردا دەستە راسپێردراوە بۆ دیارییکردنی ئەندامانی دادگاکە دیاری نەکرابوون و هەریەک لە سەرپەرشتیاری دادوەری، حەیدەر عەلی نوری و سەرۆکی دادگای تاوانەکانی دهۆک، عەبدولڕەحمان سلێمان و سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی، جاسم جەزا بە ئەندامانی رەسەنی دادگاکە دیارییکراون و سەرۆکی دادگای نەوجەوانانی دهۆک، تاهیر سلێمان بە ئەندامی یەدەکی دادگاکە دیارییکراوە.
بەمەش پێکهاتەی دادگای باڵای فیدراڵی تەواوکرا کە لە ١٣ دادوەر پێکهاتووە کە بریتیین لە سەرۆک و جێگر و حەوت ئەندامی رەسەن و چوار ئەندامی یەدەگ و پێکهاتەکەی بەم شێوەیەیە:
سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەریی، دادوەر جاسم محەمەد عەبود وهك سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی و سەرۆکی دادگای تاوانەکانی ئەنبار، دادوەر سەمیر عەباس، وهك جێگری سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی دیارییکراون.
هەروەها ئەندامانی رەسەنی دادگای باڵای فیدراڵی پێکهاتوون لە؛ سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی واست، دادوەر غالیب عامر و سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی نەجەف، دادوەر حەیدەر جابر و ئەندامی دادگای تەمییز، دادوەر ئەیوب عەباس و ئەندامی دەستەی تەمییز لە دادگای تێهەڵچوونەوەی سەڵاحەددین، دادوەر خەلەف ئەحمەد رەجەب و سەرپەرشتیاری دادوەری، حەیدەر عەلی نوری و سەرۆکی دادگای تاوانەکانی دهۆک، دادوەر عەبدولڕەحمان سلێمان و سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی، دادوەر جاسم جەزا.
هاوکات هەریەک لە سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرخ، دادوەر خالید تەها و سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەسرە، دادوەر عادل عەبدولڕەزاق و ئەندامی دەستەی تەمییز، دادوەر موزیر ئیبراهیم و سەرۆکی دادگای نەوجەوانانی دهۆک، دادوەر تاهیر سلێمان وەک ئەندامانی یەدەگی دادگای باڵای فیدراڵی دیارییکراون.
بە پێی راگەیەندراوەکە، پێکهاتەی نوێی دادگای باڵای فیدراڵی ئاراستەی سەرکۆمار دەکرێت بۆ دەرکردنی مەرسوومی کۆماری تایبەت بە دامەزراندنیان لە پۆستەکانیاندا.
جێی ئاماژەیە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ژمارە ٤٥ی ئاسایی وەرزی یەکەمی یاسادانان بۆ ساڵی سێیەم لە خولی چوارەمی ھەڵبژاردنی خۆیدا کە لە رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٨ی ئاداری ٢٠٢١ بەڕێوەچوو، هەمواری یەکەمی یاسای ژمارە ٣٠ ساڵی ٢٠٠٥ی دادگای باڵای فیدراڵی پەسەند کرد.
لە ماددەی سێیەمی ئەو هەموارەی پەسندکراوە، دیارییکردنی سەرۆک و ئەندامانی دادگاکە بە دەستەیەکی دادوەری سپێردراوە و ئەو مافە لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری هەرێمی کوردستان وەرگیراوەتەوە کە مافی کاندیدکردنی دوو ئەندامە کوردەکەی داگاکەی هەبوو.
بەپێی ماددەی ٩٣ لە دەستووری ھەمیشەیی عێراق، یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی دادگاکە بریتییە لە پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکان، بۆیە پەسەندکردنی پرۆژەیاسای هەمواری یاسای ژمارە ٣٠ ساڵی ٢٠٠٥ی دادگا، بووە هەنگاوێکی تەواوکاریی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە کە بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ئەنجامبدرێت.