Zana Natık Kerem
25 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 25 ئاب 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا رایگەیاند "پێویستە ئەو عەقلییەتەی کە لە پشت ئەنجامدانی ئەم کارەسات و تاوانانەدا بوو، نەمێنێت و رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو کۆمەڵکوژیانە بکرێت".
مەسرور بارزانی لە ٣٤ەمین ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا، پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە "لە شاڵاوی ئەنفالی بادیناندا کە دوا قۆناغی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال بوو، رژێمی عێراق، وەک ھەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان، تاوانێکی ھۆڤانەی دیکەی بەرامبەر خەڵکی دەڤەری بادینان ئەنجامدا و لە ئەنجامی ئەو شاڵاوەدا کە چەکی قەدەخەکراوی تیایدا بەکارھێنرا، ھەزاران کەس شەھید و بێسەروشوێن کران، ھەروەھا دەیان ھەزار کەسیش ئاوارە و دەربەدەر بوون، سەدان گوندیش وێران کران".
راشیگەیاندووە "لە سی و چوارمین ساڵڤەگەڕی ئەم تاوانە دڕندانەیەدا، بەڕێز و شکۆوە یادی قوربانییانی ئەنفالی بادینان دەکەینەوە و جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکوومەتی عێراق بەپێی دەستوور، زیانلێکەوتووان و کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانەکانی رژێمی پێشووی عێراق، بەشێوەیەکی شایستە، قەرەبوو بکاتەوە کە مافێکی رەوای خەڵکی ستەملێکراوی کوردستانە، ھەروەھا پێویستە ئەو عەقلییەتەی کە لە پشت ئەنجامدانی ئەم کارەسات و تاوانانەدا بوو، نەمێنێت و رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو کۆمەڵکوژیانە بکرێت".
لە کۆتایی پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستاندا، ھاتووە "لە ساڵڤەگەڕی ئەنفالی بادیناندا، سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی ئەنفالکراوانی بادینان و سەرجەم شەھیدانی کوردستان".