Heman Hussein Yaseen
10 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 12 حوزەیران 2020
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دوای ئەوەی کە لە چەند رۆژی رابردوودا، حاڵەتیکی پۆزەتیڤی کۆرۆنا لەنێو فەرمانبەرانی دیوانی پەرلەمانی کوردستان ھەبوو، وەک پابەندبوونێکی تەواو بە رێنماییە تەندروستییەکان، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بریاڕی دا، پشکنینی کۆرۆنا بۆ سەرجەم ئەندام و فەرمانبەرانی پەرلەمان ئەنجام بدرێت.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە داوە کە رۆژی نۆی حوزەیران چەند تیمیکی پشکنینی تاقیگەی ناوەندی، لەسەر رێنمایی وەزارەتی تەندروستیی ھاتنە تەلاری پەرلەمانی کوردستان و پشکنینیان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی و ١٩٧ ئەندام و فەرمانبەرانی دیوانی پەرلەمان ئەنجامدا.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ئەوەیشی خستووەتە روو کە لە دەرئەنجامی پشکنینەکاندا، چەند حاڵەتێکی پۆزەتیڤ ھەیە و دواتر لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە وردەکارییەکان رادەگەیەندرێت. وەک پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان کە دەبێت سەرجەم بەرکەوتووەکان خۆپارێزی بکەن و کەرەنتین بکرێن، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دا، سەرجەم کارەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی دوو ھەفتە رابگرێت.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ئاگاداری تەواوی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانی کردووەتەوە کە ئەوانەی پشکنییان ئەنجام نەداوە، بەزووترین کات پشکنینەکە ئەنجام بدەن و ئەنجامەکەی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بنێرنەوە. بە ھەمانشێوە دیوانی پەرلەمانی کوردستان راسپێردراوە بە ھەماھەنگی لەگەڵ تیمە پزیشکییەکان پشکنین بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کە تا ئێستا پشکنینیان بۆ نەکراوە، ئەنجام بدرێت.