Ozhin Jola
20 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 21 کانوونی یەکەم 2020
کەرکووک – AA
ئەمڕۆ یەکشەممە، ژمارەیەک لە ھاووڵاتییانی شاری کەرکووک دژبە کەمی پێدانی کارەبای نیشتمانیی، لەبەردەم بینای پارێزگای کەرکووک گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.
نوێنەری خۆپشاندەران حەسەن حوسێن بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ماوەی چەند مانگێکە کارەبای نیشتمانیی لە کەرکووک بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و لە ٢٤ کاتژمێردا، تەنھا پێنج کاتژمێر کارەبای نیشتمانیی دابەش دەکرێت.
حەسەن حوسێن راشیگەیاند کە کێشەیەکی دیکەی کەرکووک، نەبوونی ھەماھەنگییە لەنێوان کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە ئەھلییەکاندا، لەگەڵ ئەوەیشدا مۆلیدە ئەھلییەکان لە کاتژمێر سێی پاش نیوەڕوە کارەبا دەدەن بە ھاووڵاتییان ئەمەیش کاریگەری خراپی کردووەتە سەر خوێندنی ئۆنڵاین بۆ قوتابیان.
پاشان جیگری پارێزگاری کەرکووک بۆ کاروباری ھونەریی، عەلی حەمادی ھاتە نێو گردبوونەوەی ھاووڵاتییان و لەسەر کێشەی کەمی کارەبای نیشتمانیی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە کێشەی کارەبای نیشتمانیی لە ھەموو پارێزگاکانی عێراقدا بوونی ھەیە و بەرھەمھێنانی کارەبا لە عێراقدا، ١٧ ھەزار میگاوات بوو، بەڵام ئێستا بەرھەمھێنانی کارەبا بۆ ١١ ھەزار میگاوات کەمیکردووە.
عەلی حەمادی راشیگەیاند کە لە چەند ساڵی رابردوودا، ئیدارەی کەرکووک ٢٥٠ میگاوات کارەبای لە وەبەرھێنەرێکی ھەرێمی کوردستان کڕیبوو، بەڵام بەھۆی دابینەکردنی پارەی وەبەرھێنەرەکە، لەئێستادا ئەو کارەبایەمان پێ نادرێت، ئەوەیش کاریگەری خراپی کردووەتە سەر پێدانی کارەبا لە کەرکووک.
ناوبراو باسی لەوەیشکرد کە بۆ دابینکردنی کارەبای نیشتمانیی بۆ ٢٤ کاتژمێر لە کەرکووک پێویستییان بە هەزار و ٢٠٠ میگاوات کارەبای نیشتمانیی ھەیە لەکاتێکدا ئێستا کەرکووک خاوەنی ٤٠٠ میگاوات کارەبایە.