Ozhin Ramadhan Salih
31 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2021
کەرکووک – AA
بەھۆی ئاراستەکردنی گولـلە ھاوەن لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە بۆسەر گوندێک لە باشووری پارێزگای کەرکووک باکووری عێراق زیانی زۆر بەر ئۆتۆمبێل، ئاژەڵ و خانووی ھاووڵاتییانی گوندەکە کەوت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو بە ئاراستەکردنی گولـلە ھاوەن ھێرشیان کردە سەر گوندی دەکشمان سەربە ناحیەی تازە باشووری پارێزگای کەرکووک.
بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لەلایەن دانیشتوانی گوندەکەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە و تیایدا دەرکەوتووە کە بەھۆی ھێرشەکەوە، سێ ئۆتۆمبێل و چوار تراکتۆر سووتاون، هەروەها ژمارەیەک ئاژەڵیش مرداربوونەتەوە.
ھەر بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکە، بەھۆی ھێرشەکەوە ژمارەیەک خانووی ھاووڵاتییانی گوندەکە سووتاوە.
ھاووڵاتییەکی نیشتەجێی گوندی دەکشمان کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە گومان دەکرێت چەکدارانی داعش، ھێرشەکەیان ئەنجام دابێت، چونکە دوو ساڵ لەمەوبەر ژمارەیەک چەکداری داعش ھێرشیانکردبووە سەر گوندەکەیان و خەڵکی گوندەکەیش بەرپەرچی ھێرشەکەیان دابووەوە کە لە ئاکامدا، دوو چەکداری داعش کوژران و یەکێکی دیکەیش برینداربوو.
ھاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە کە ژمارەیەک تیرۆریستی داعش، ھێرشیانکردووەتە سەر گوندی دەکشمان سەربە ناحیەی تازە باشووری پارێزگای کەرکووک.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەیشداوە کە تیرۆریستانی داعش لە میانی ھێرشەکەدا، سێ ئۆتۆمبێلی جۆری پیک ئاب و چوار تراکتۆریان سووتاندووە، ھەروەھا ٥٠ سەر ئاژەڵیشیان مردار کردووەتەوە.
باسی لەوەشکردووە کە تیرۆریستانی داعش بەر لەوەی ھەڵبێن، خانووی ھاووڵاتییەکی گوندەکەیان، سووتاندووە.