Sarmand Hameed
12 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 13 مای,س 2020
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەو پشکنینانەی لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بۆ گومانلێکراوانی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامیانداوە، سەرجەمیان نێگەتیڤ بوون و ھیچ تووشبوویەکی نوێ تۆمارنەکراوە.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە ھەرێمی کوردستان، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٩٧٦ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان کە ٤٢٣ لە ھەولێر، ٢٥١ لە سلێمانی، ٢٥٢ لە دھۆک و ٥٠ پشکنین لە ھەڵەبجە لە ئەنجام دراوە.
وەک لە راگەیەنراوەکەدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی پێدراوە، بەپێی دەرەنجامی پشکنینەکان، ھیچ تووشبووێکی نوێ لە ھەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا ٥٤ ھەزار و ٢٤ پشکنین ئەنجامدراوە.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوەشدراوە کە لە کۆی١٠ ھەزار و ٣٩٠ ھاووڵاتیی کەرەنتین کراو، نۆ ھەزار و ٢٧٣ ھاووڵاتیی لە کەرەنتین دەرچوون و دوای تەواو کردنی ماوەی ١٤ رۆژ و ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی بۆیان و پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە ھەڵگری ئەو نەخۆشییە نین، گەڕانەوەتە ناو خانەوادەکانیان و لە ئێستادا تەنھا ھەزار و ١١٧ ھاووڵاتیی لە ٣٢ شوێنی جیاوازی کەرەنتین ماونەتەوە کە ٣٩٩ لە ھەولێر،١٣٦ لە سلێمانی، ٥٨٠ لە دھۆک و دوو ھاووڵاتیی لە راپەرینن.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-١٩ لە ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا ٣٩١ تووشبوو، لەنێویاندا پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەیە و ٣٧٢ نەخۆش چاکبووەتەوە، و لەئێستادا تەنھا ١٤ نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکی دان.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ رێگرییکردن لە بڵابوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، زنجیرەیەک رێکاری گرتەبەر لەوانە قەدەغەکردنی ھاتوچۆ، راگەیاندنی پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن، داخستنی مزگەوت و شوێنە گشتییەکانی وەک پارک، مۆڵ، قاوەخانە، سینەماکان و چەند شوێنێکی دیکە، ھەروەھا وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی دەروازە سنوورییەکان.