Dildar Baykan,Dilara Zengin
30 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2020
واشنتۆن- AA
بەربژێری پارتی دیموکرات، جۆ بایدن و بەربژێری پارتی کۆماری، دۆناڵد ترەمپ بەشداری دیبەیتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکایان کرد کە لە سێی مانگی تشرینی دووەم بەڕێوەدەچێت و لەبارەی سیاسەتی ناوخۆی ئەمریکاوە دوان و رەخنەی توندیان ئاراستەی یەکتر کرد.
جۆ بایدن باسی لەوە کرد کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت کۆتایی بەو یاسا تەندروستییە بهێنێت کە بە "Obamacare" ناسراوە و گوتی: "ترەمپ لە کاتێکدا رکابەری بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا دەکات، هەوڵ دەدات خۆی لەم یاسایە رزگار بکات. لەئێستاشدا دەیەوێت لە دادگای باڵا کۆتایی بەم یاسایە بهێنێت. لە ئەنجامی ئەم کارەشدا، بیمەی تەندروستیی ٢٠ ملیۆن کەس دەبڕدرێت".
دۆناڵد ترەمپ لە وەڵامی ئەم رەخنەیەدا، ئەوەی وەبیر جۆ بایدن هێنایەوە کە لەگەڵ سیناتۆر، بێرنی ساندەرس راگەیەندراوێکیان بڵاو کردووەتەوە و تیایدا باسی سیستمێکی تەندروستیی سۆسیالیستییان کردووە، جەختی لەوەش کردەوە کە کابینەکەی لەبری "Obamacare" سیستمێکی باشتریان هێناوە چونکە "Obamacare" سیستمێکی زۆر گران بووە و هیچ سوودێکی نەبووە.
دووەم پرسی مشتومڕەکانی نێوان هەردوو کاندید، تایبەت بوو بە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19).
جۆ بایدن ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە حەوت ملیۆن کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون، بەڵام دۆناڵد ترەمپ تا ئێستاش هیچ پلانێکی جددی نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا.
لە بەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ تاوانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەی خستە ئەستۆی چین و گوتی: "ئەگەر گوێمان لە ئێوە بگرتایە بەشێکی زۆری کەرتەکانی وڵات بە کراوەیی دەمانەوە، لەئێستادا ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە نەوەک ٢٠٠ هەزار، دوو ملیۆنیشی تێدەپەڕاند. ئەمانە تاوانی چینە، دەبوایە چین رێگای نەدایە رەوشەکە ئاوای لێبێت".
جۆ بایدن لەبارەی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا، باسی لەوە کرد کە متمانەی بە گوتەکانی لێکۆڵەر و پسپۆڕان هەیە نەوەک گوتەکانی دۆناڵد ترەمپ.
لە درێژەی دیبەیتەکەدا گفتوگۆ لەسەر سیاسەتی ئابووریی ئەمریکا کرا و دۆناڵد ترەمپ گوتی: "گەورەترین ئابووریمان لە مێژوودا دروست کرد، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا چالاکییە ئابوورییەکان وەستان".
ناوبراو رەخنەی ئەوەشی ئاراستەی جۆ بایدن کرد کە بەهەستیاری لە ئاساییکردنەوەی خێرای ئابووریی دەڕوانن و گوتی: "ئەم پیاوە هەموو وڵات دادەخات و لەناوی دەبات".