ھەولێر
ھیچ رێكخراوێكی نێودەوڵەتی نەگەیشتووەتە چیاكانی نزیك لە پەرستگەی لالش و مەترسی روودانی كارەساتی مرۆیی بەھۆی خراپی بارودۆخی ئێزیدییەكان لەوێ دەكرێ.
بەسەدان خێزانی ئێزیدیی قەزای شنگال لە ترسی كوشتارگەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە داعش، بەناچاری لە چیاكانی دەوروبەری مەزارگە پیرۆزەكەیان، لالش، لە دەوروبەری قەزای شێخان گیرساونەتەوە و بارودۆخی ژیانییان لەوپەڕی نەھامەتی و ناخۆشیدایە، نەبوونی ئاوی تەواو و پێویست بۆ خواردنەوە و گەرما ھیچ گەرەنتییەكی لەسەر تەندروستییان نەھێشتووەتەوە، بەتایبەت مناڵان و بەتەمەنەكان.
ئەو كاتەی ئێمە لەوێ بووین ئێزیدییەكان زۆر بەتاسەوە بەرەو روومان دەھاتن تا ئازار و نەھامەتییەكانییان ھەڵبڕێژن، ھەریەك لەوان رۆمانێك و دنیایەك خەمی لەناخدابوو، ترس لە مردن ژیانی ئەوانی لێرە تاڵتركردووە، توڕەیی ئەوان بەتەواوەی بەقسەكانییاندا رەنگی دەدایەوە، تەنانەت بێ گوێدانە كامێراش زۆر جار قسەی خۆیان دەكرد.
یەكێك لەو كەسانەی سەرپەرشتیی ھاتنی ئاوارە ئێزیدییەكانی دەكرد لەدەوروبەری لالش گوتی بەدەستی خۆی نیشتەجێ بوونی زیاتر لە ٥٠٠ خێزانی لەوێ تۆماركردووە، گوتیشی ئەو ژمارەیە زیاتریش دەبن.
لێرە لە پاڵ چیاكان، لەژێر دارەكان، ئەو ئێزدییەكانە بەدوای سێبەرێكەوەن، تەنانەت ھەندێ جار بۆخۆیان سێبەر دروست دەكەن تا ھیچ نەبێ مناڵەكانییان بحەسێتەوە، خەمۆكی و بێزاری لە ژیان لە دەموچاوی ھەموو یەكێكیان لێرە دەبینی تەنھا مناڵەكان نەبێ.
ئێزیدییەكان كەمایەتییەكی ئایینی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستن، شنگال بە قەرەباڵغترین شوێنی نیشتەجێی ئەوان لە ناوچەكە دادەنرێ، گرووپی بچوكتریان لەتوركیا، سوریا، ئێران، جۆرجیا و ئەرمینیا دەژیین و خۆیان بە كورد دەزانن. ژمارەی ئێزیدییەكان لە جیھان بە زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو دەخەملێندرێ، ٥٠٠ ھەزاریشیان لە دەوروبەری موسڵ نیشتەجێن.
پەرستگەی لالش پیرۆزترین شوێنی ئێزیدییەكانی جیھانە كە بۆ حەجكردن دێنە ئەوێ، دەكەوێتە ناوچەیەكی چیایی ٦٠ كیلۆمەتر لە شاری موسڵەوە دوورە، جگە لە پەرستگەی لالش و گۆڕی شێخ ئادیی پیرۆز، لەو شوێنە بارەگای ئەنجومەنی رۆحانیی ئاینی ئێزیدی لە جیھانیشی لێیە، ئێزیدییەكان بەلانی كەم لە ماوەی ژیانییاندا یەك جار حەج بۆ لالش دەكەن و حەوت رۆژ دەخایەنێ.
ئەوە جاری یەكەم نییە ئێزیدییەكانی عێراق رووبەرووی ھەڕەشەی لەناوبردن دەبنەوە، جیاوازیی ئاینەكەی ئەوان لە ئاینی زۆرینەی خەڵك (موسوڵمان) وای لێكردوون بەردەوام خوێن و ماڵی حەلاڵكردوون، ئەوان لەسەردەمی عەباسییەكانەوە تا ئەمڕۆ لەسەر دەستی داعش رۆڵەكانی ئێزیدی بوون بە قوربانی، ھەڵمەتەكانی خەلافەتی ئیسلامی لەعێراق كە تەموزی رابردوو خۆی راگەیاند ھەفتەیەك دەبێ گەیشتووەتە ئێزدییەكان بە وتەی ئەوانەی قسەیان بۆ كردووین كوشتنییان حەلاڵكراوە.
لە چیاكانی دەوروبەری پەرستگەی لالش ئێزیدییەكی زۆر ھەبوون دەیانویست ھەرچۆنێك بێ دەنگیان بگاتە جیھان لەرێگەی ئانادۆڵەوە بەتایبەت دوای ئەوەی زانییان ئاژانسێكی جیھانییە.
یەكێك لەو كەسانەی قسەی بۆكردین لە نزیكەكان لە پیاوە ئاینییە باڵاكانی پەرستگەی لالش پێیگوتین كە جگە لە مردنی دەیان كەس بەھۆی ھەڕەشەكانی داعش و كوشتنی دەیانی دیكە، چەكدارەكانی ئەو رێكخراوە پاش كۆنتڕۆڵكردنی قەزای شنگال دە ئافرەتیان لەو قەزایە لەگەڵ خۆیاندا بردووە.
گوتیشی بەھەزاران كەس لە ترسی چەكدارانی داعش بۆ چیاكانی شنگال ھەڵاتوون و مەترسیی كەوتنەوەی كارەساتی مرۆیی دەكرێ.
خالد سەباح گەنجێكی ئێزدییە كە بەھۆی مەترسییەكانی داعشەوە لە نزیك پەرستگەی لالش گیرساوەتەوە، ئەو بۆ ئانادۆڵو گوتی: "ئەگەر پێشمەرگە چەكیان دابا بە ئێمە رێگەمان نەدەدا داعش بێنە شەنگارەوە و كۆنتڕۆڵی بكەن."
گوتیشی: "داعش لە شنگال لەرێگەی بلندگۆوە بانگەواز بڵاودەكەنەوە كە دەبێ ئێزیدییەكان ببنە موسوڵمان یان دەكوژرێن، ئەوەش مەترسییەكی زۆری بڵاوكردووەتەوە."
بەلای ئێزیدییەكانەوە پەنابردنییان بۆ پەرستگەی لالش بۆ ئەوەیە كە ئەو شوێنە پیرۆزە لە ھەڕەشەكان بیانپارێزێ و چەكدارە توندڕەوەكان ناتوانن دەستیان پێ بگات، ئەوان تەواو لەو باوەڕەدان كە خوا و پەرستگەكە و پیاوە چاكەكانی ئێزیدی دەبنە قەڵغان و دەیانپارێزن.
یەكێك لە پیاوە ئاینییەكانی نێو پەرستگەی لالش باسی لەوەدەكرد كە ئێزیدییەكان ئامادەنیین ئاینی خۆیان بگۆڕن، ئەوان ئامادەی كوشتنن لەسەر ئەو ئاینەی كە ھەزاران ساڵە لەباوباپیرانیانەوە بۆیان ماوەتەوە.
ئێزدییەكان رەخنەی زۆریشیان لەبەرپرسانی ھەرێم و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ھەبوو كە بەھیچ شێوەیەكی ئەوتۆ خزمەتییان پێنەكردوون و یەكێك لەوان گوتی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان تەنھا ناون، ھیچیان نەھاتوون.