ئاگری
جەماوەرێكی زۆری پێكھاتەكانی سەندیكای كارمەند و كرێكارانی توركیا بە ئامادەبوونی سەرۆك شارەوانی ئاگری سڕی ساكێك و ھاو سەرۆكی شارەوانی ئاگری موقەدەس كوبیلای خۆپێشاندانێكیان بۆ ئیدانە كردنی داعش ئەنجامدا.
لە سەرەتا خۆپیشاندانەكەدا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بەسترا و تێیادا بە توندی ئیدانەی ھێرشەكانی داعش بۆ سەر شنگال كرا.
ئەسڵی ئەنگین ئارسلان گوتەبێژی كەسك (سەندیكای كارمەند و كرێكارانی توركیا) لە سەر ناوی ئامادەبووان گوتەیەكی پێشكەش كرد و گوتی: "ماوەی چەند رۆژە لە شنگال و لالەش كە شوێنی پیرۆزی ئێزیدیەكانە كەرامەتی مرۆڤایەتی پێشێل دەكرێ و كۆمەڵكوژی جستەیی و كەلتووری لەسەر ئێزیدییەكان پەیڕەو دەكرێ. تا ئێستا ٧٣ فەرمان لەسەر كوردانی ئێزیدی جێبەجێكراوە و ئەمڕۆش بە دەستی بەڕبەڕە جیھادگەرە گەردوونییەكان كە پێیان دەگوترێ داعش ٧٤مین فەرمان لەسەر كوردانی ئیزیدی جێبەجێ دەكرێ و بە پێی ئاماری نەتەوەیەكگرتووەكان نزیكەی ٢٠٠ ھەزار كەس لە ھەرێمی شەنگال باریان كردووە و نزیكەی ٢٠ تا ٣٠ ھەزار كەسی دیكەیش پەنایان بردووە بۆ چیای شەنگال كە چیایەكی پیرۆزە و ھەروەھا بە ھۆی ئامارەكانەوە لە ماوەی چوار رۆژدا ٤٠ منداڵ لە ھەرێمی شەنگال و شەش منداڵیش لە چیای شەنگال بە ھۆی تینویی و برسێتییەوە گیانیان لەدەست داوە. نزیكەی ٥٠٠ ھەزار ژنی ئێزیدی لە لایەن بەڕبەڕەكانی داعشەوە وەكوو جاری بەدیل گیراون."
ئەنگین ئارسلان گوتی: "بەڕبەڕەكانی داعش گوشارێكی یەكجار توندیان خستووەتە سەر ئێزیدییەكان بۆ ئەوەی ئاینیان بگۆڕن، وجدانی ھەمووی جیھان بێدەنگە، لە توركیا بە حەماسەتەوە تراژدیاكانی غەززە لە رۆژەڤی كۆمەڵگەدا بوون، بەڵام كۆمەڵكۆژ كردنی ئێزیدییەكان لە لایەن میدیا و كاربەدەستانی سیاسی توركیاوە نابینرێ، دەسەڵاتی سیاسی توركیا سەرەڕای بێدەنگ بوونی لە بەرامبەر ئەو كارەساتە مرۆییە، ھاوكاری تیرۆریستانی داعشی كردووە و تا ئەمڕۆش لە بەرامبەر ئەو كۆمەڵكوژییانەی كە داعش ئەنجامی داون بێدەنگ بووە."
سەرۆكی شارەوانی ئاگری سرری ساكێك یش گوتی: "پێویستە ھەموو چین و پێكھاتەكانی كۆمەڵگە بڕژێنە سەر شەقامەكان و لە بەرامبەر ئەو چەتە بەڕبەڕانە ھەڵوێستی مرۆیی بنوێنن. لە شەنگال و رۆژئاوا تیرۆریستانی داعش ئێزیدییەكان كۆمەڵكوژ دەكەن. چۆن لە غەززە ئیسرائیل سیاسەتی زوڵم كردن پەیڕەو دەكا، لە بەرامبەر كوردانی ئێزیدیش سیاسەتێكی زوڵم كردن پەیڕەو دەكرێ. زوڵم لەكوێ بێ با بێ، لە غەززە، لە رۆژئاوا، لە شەنگال یا لە ھەر چوار لای توركیا. ئێمە لە دژی زوڵم رادەوەستین، باكەس وا بیر نەكاتەوە كە كورد بێ خاوەنە، كورد لە رۆژئاوا بە ئیمكانیاتە بەرتەسكەكانی خۆی لە دژی ئەو چەتە بەڕبەڕانە شەڕ دەكا، و ئێمەیش لە ئاگرییەوە سڵاوی خۆمان پێشكەشی ئەو قارەمانانە دەكەین كە لە دژی ئەو چەتە تیرۆریستانە شەڕ دەكەن."