Heman Hussein Yaseen
13 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 15 ئەیلوول 2022
هەولێر - AA
ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی ئەیلوول، زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە سەرجەم قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان لێدرا.
لە پەیمانگای هیوای نابیستان هاوشێوەی هەموو قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان، کاتژمێر ٠٨:٣٠ بە ئامادەبوونی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، کوێستان محەمەد زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا.
رێوڕەسمەکە بە سرودی ئەی رەقیب بە دەنگ و ئاماژە بۆ نابیستان دەستی پێ کرد و دواتریش وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە گوتارێکیدا، ئاماژەی بە دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن کرد و دڵنیاییدا بە کەسوکاری قوتابییانی نابیست، نابینا و خاوەنپێداویستی تایبەت کە هەموو هەوڵێکیان دەخەنەگەڕ بۆ سەرکەوتنی قوتابییەکان.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، کوێستان محەمەد گوتی: "ئەمڕۆ ساڵی نوێی خوێندنمان دەست پێ کرد و بۆ ئەمساڵ ١٧١ قوتابیمان هەیە و لەلای ئێمە وەک هەر قوتابییەکی ئاسایی بەیارمەتی وەزارەتی پەروەردە، مەنهەجەکانیان بەڕێوەدەچێت، ئەوە مامۆستایانی ئێمەن کە وایانکردووە ئەو قوتابییانە لە خوێندن دانەبڕێن و بگەنە ئاستێکی بەرز".
کوێستان محەمەد گوتیشی: "دڵنیایی دەدەینە کەسوکاری قوتابییان کە هەموو تواناکانی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی ئەو قوتابییانە بەردەوام بن لە خوێندن".
دواتر وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کوێستان محەمەد، زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی لە پەیمانگاکە لێدا و بەمەش قوتابییان چوونە پۆلەکانیانەوە و پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن بۆ ئەمساڵ دەستی پێ کرد.
یەک ملیۆن و ٨٨٥ هەزار و ٤٠٠ قوتابی و ١٥٠ هەزار مامۆستا بەشداری پڕۆسەی ساڵی نوێی خوێندن (٢٠٢٢-٢٠٢٣) دەکەن.
13.09.2022 یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان لێدرا
- ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی ئەیلوول، ساڵی نوێی خوێندن (٢٠٢٢-٢٠٢٣) لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد.