Dlshad Saifaalddin Ahmed
13 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2018
سلێمانی – AA
لە چوارچێوەی هەڵمەتی هۆشیاری هاتوچۆی سلێمانی كە لەژێر دروشمی (ئامانجمان سزادانتان نییە، پەرۆشی سەلامەتیتانین) كە ماوەی نزیكەی یەك مانگە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی دەستیپێكردووە، ئەمڕۆ بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی هێڵی سوور، سەدان منداڵی قوتابی چەند قوتابخانەیەكی سلێمانی بە هەڵگرتنی دروشمی (تكایە بمان پارێزن) و بە چەندین دروشمی هاتوچۆ تر بە رێپێوان چوونە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ و پەروەردە و پارێزگای سلێمانی و داوای پاراستن و سەلامەتی گیانی منداڵانیان كرد.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆش بە رێپێوان و گوتنەوەی دروشمەكانیان لە بەردەم باخی گشتی سلێمانی بەرەو بەردەركی سەرا بەڕێكەوتن و داوایان لە شۆفێران و هاووڵاتییان كرد سەلامەتی گیانیان بپارێزن.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی لە رێگەی راگەیاندنی پرۆژەیەكی تایبەت بەهۆشیاری هاتوچۆ لەژێر دروشمی (ئامانجمان سزادانتان نیە پەرۆشی سەلامەتیتانین) كە یەك مانگ بەردەوام دەبێت لە هەوڵی كەمكردنەوەی رووداو و سەرپێچییەكانی هاتوچۆدایە.

كاروچالاکییەكانی هەڵمەتەكە لە رۆژی 18ی مانگی رابردووەوە دەستیپێكردوەو تا رۆژی 18ی ئەم مانگە بەردەوامی دەبێت، لەم ماوەیەشدا چەندین چالاكی و سیمینار بۆ چین و توێژە جیاجیاكان سازكراوە بۆ تیشكخستنە سەر گرنگی هەڵمەتەكە بۆ هۆشیاركردنەوەی شۆفێران و پابەندبوونیان بەیاسا و رێنماییەكانی هاتوچۆ.
گوتەبێژی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی، كاروان محەمەد لە بارەی پڕۆژەكەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئامانجی پرۆژەكە بریتیە لە كەمكردنەوە و بنەبڕكردنی ژمارەیەك سەرپێچی زەقی هاتوچۆیی كە رەوشی هاتوچۆیان شێواندووە و لە لای بەشێك لە شۆفێران بووە بەدیاردە، ئەو سەرپێچیانەش كاریگەری خراپیان لەسەررەوشی هاتوچۆ دروستكردووە".

لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیەدا هۆشداری هاتوچۆیی دەدرێت بە شۆفێران بۆ دووركەوتنەوە لە پێشێلكردنی یاسا و رێنماییەكانی هاتوچۆ بەگشتی، ئامانجمان سزادانی شۆفێران نییە، بەڵكو پەرۆشی پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتییان و كەمكردنەوەی رووداوەكان و قوربانیان و سەرپێچییەكانی هاتوچۆین".