Hüseyin Demirci,Yunus Hocaoğlu,Günay Nuh
02 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2023
ئەرزەڕۆم - AA
بەهۆی سەرماوسۆڵەوە لە پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم، ئەردەخان و قەرس ئاوی گۆمەکان بەستوویانە و بیناکان چلوورەی سەهۆڵینیان پیادا شۆڕبووەتەوە.
ئەو سەرماوسۆڵەیەی رووی لە ناوچەکە کردووە، کاریگەری نەرێنیی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروستکردووە و لە پارێزگای ئەرزەڕۆم، بنمیچی خانووەکان شەختە سەهۆڵیان پیادا شۆڕبووەتەوە کە درێژییەکەی دەگاتە یەک مەتر و سەهۆڵبەندان لەسەر پلیکانە و رێگاکان دروست بووە.
تیمەکانی شارەوانی و رێگاوبانەکان، دەستیان بە راماڵینی بەفری کەڵەکەبووی سەر شەقامەکان کردووە، بەهۆی سەهۆڵبەندانیشەوە شۆفێران دووچاری ناڕەحەتی و ئاستەنگ بوونەتەوە.
لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت پلەکانی گەرما لە شارەکە لە رۆژدا حەوت پلە بێت، شەوی رابردوو دوو پلە خوار سفری سەدی بوو.
ئاستی بەفری باریو لە ناوەندی خلیسکێنەی پالاندۆکەن گەیشتووەتە ١٢٣ سانتیمەتر.
- قەرس
لە قەزای ساریکامیش سەربە پارێزگای قەرس، دوای بارینی بەفر کەشوهەوایەکی سارد شارەکەی گرتووەتەوە.
بەهۆی سەرماوسۆڵەوە شەختە سەهۆڵ بە بنمیچی خانووەکاندا شۆڕبووەتەوە و لقی درەختەکان زوقمیان گرتووە.
لە زۆنگاوەکانی قەزاکەدا باڵندەکان بەدوای خواردندا دەگەڕێن و درەختەکانی سنەوبەر بە بەفر داپۆشراون.
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی ناوچەکە لە هەوڵی راماڵینی رێگاوبانەکاندان.
- ئەردەخان
بەفربارینی زۆر لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە ئەردەخان، کەشوهەوایەکی ساردی لە شارەکە دروست کردووە.
هەروەها بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما لە شەودا بۆ خوار سفری سەدی، سەهۆڵبەندان لە شارەکە دروست بووە.