Rewa Mahmood Hasan
24 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 26 مای,س 2020
سلێمانی - AA
بەشێکی زۆر لە کارمەندانی تەندروستی و خۆبەخشەکان لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا لەسەر کارەکانیانن تاکو خزمەتی تووشبووانی کۆرۆنا بکەن.
ئەوان وەک سەربازێکی ون لە بری نانی بەیانی جەژن لەنێو کەسوکاریاندا، تووشبووانی کۆرۆنایان هەڵبژارد تاکو جەژنیان لەگەڵ بکەنەوە.
لەنیا محەمەد کە دەرچووی بەشی پەرستارییە و لە ئێستادا لە نەخۆشانەی سەرچنار بۆ رووبەڕوو بوونەوەی کۆرۆنا لە بەشی تەعقیم کردن کار دەکات. ئەو کە کەسوکار و ماڵی بەجێهێشتبوو لە رۆژی یەکەمی جەژندا بۆ ئەوەی خزمەت بە هاوڵاتیان بکات لە نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا.
لەنیا کە کامێرای مۆبایلەکەی کردبوویەوەو لەگەڵ هاوڕێی و کەسوکارەکەیدا قسەی دەکرد و جەژنە پیرۆزەی لێ دەکردن، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە جەژن لەگەڵ تووشبووانی کۆرۆنادا دەکاتەوە نەک ماڵ و کەسوکارەکەی.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گووتی،" راستە ماڵەوەم لە جەژندا بەجێهێشتووەو لێیان دوورم، بەڵام زۆر دڵخۆشم کە دەتوانم لێرە خزمەتێکی کەمیش بێت بە تووشبووانی کۆرۆنا بکەم. وەک خۆبەخشێک لە نەخۆشخانەی تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا کار دەکەم."
ئەو پەرستارە خۆبەخشە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان بەردەوام لە خزمەتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنادان و دووپاتی کردەوە سەرەڕای ئەوەی کە جەژنە بەردەوام دەبن لە خزمەت کردن و مانەوە لە نەخۆشخانەکە.
لەنیا هیوای خواست کە بە زووترین کات قۆناغی پەرەسەندنی کۆرۆنای نوێ تێپەڕێنن و سەردەمێکی تر لە زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسەکەدا رابگەیەنن.
کۆساری عەلی محەمەد کە لە ٢٠١٨ بەشی پەرستاری لە زانکۆی سلێمانی تەواو کردووەو لەو کاتەوە وەک خۆبەخش کار دەکات، ئێستا ئەرکەکەی گواستۆتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەرچنار کە تایبەتە بە تووشبوانی کۆرۆنای نوێ.
کۆسار وەک خۆبەخشێک تووشبوانی کۆرۆنای هەڵبژارد تاکو جەژنیان لەگەڵدا بکاتەوە.
ئەو خۆی بە خۆشحاڵ دەزانێت کە دەتوانێت لە جەژندا خزمەتێک بە تووشبوان بکات و باری سەرشانی هەندێک لە پزیشک و کارمەندانی تری تەندروستی سوک بکات. کۆسار لەبری نانی بەیانیی جەژن سەرقاڵی دەرمان رشتن و پاککردنەوەی هۆبەکانی نەخۆشخانەی سەرچنارە کەتایبەتە بە تووشبووانی کۆرۆنا.