Mesut Varol
08 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2022
هەکاری - AA
لە پارێزگای هەکاری بێریڤانەکان بەو شیرەی لە ئاژەڵەکانەوە دەستیان دەکەوێت بەرهەمەکانی وەک پەنیر و کەرە ئامادە دەکەن.

بێریڤانەکانی دانیشتووی گوندی ئۆڵگونلارکە هەڵکەوتووەتە لێواری چەمی زاپ و ٣٥ کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەوە دوورە، دوای ئەوەی کاری ماڵەوەیان ئەنجام دەدەن و منداڵەکانیان رەوانەی قوتابخانە دەکەن، رێگەی کوێستانەکان دەگرنە بەر.
دوای ئەوەی بە ئۆتۆمبێل دەگەنە خاڵێکی دیاریکراو، بەپێ بەشێکی رێگاکە دەبڕن، خۆیان دەگەییەننە لای ئاژەڵەکانیان و بە پاڵپشتی هاوسەرەکانیان دەست بە کاری دۆشینی ئاژەڵەکان دەکەن.

ژنانی ناوچەکە بە مەبەستی دابینکردنی بژێوی خێزانەکانیان رۆژانە دووجار دەچنە کوێستانەکان.
ژیان بەرک، یەکێکە لە بێریڤانەکان، بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، تەواوی خەڵکی گوندەکەیان لەڕێگەی کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵەوە بژێوی ژیانیان دابین دەکەن.

بەرک بە ئاماژەدان بەوەی کە لە ناوچە گوندنشینەکان ژنان زۆربەی کارەکان ئەنجام دەدەن، گوتی: "بەیانی زوو هەڵدەستین و کاری ماڵەوە ئەنجام دەدەین، دواتر دێینە ئێرە و ئاژەڵەکانمان دەدۆشین، دەبێت رۆژانە دوو جار ئەم رێگە سەختە بگرینەبەر. لەو شیرەی دەستمان دەکەوێت پەنیر، ماست و کەرە دروست دەکەین، بەشێک لە بەرهەمەکانمان دەفرۆشینەوە و بەشێکیشی بۆ خۆمان جیادەکەینەوە".
مەدینە بەرك كە دایكی پێنج منداڵە بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "تەواوی رۆژەکەمان بە کارکردنەوە بەسەر دەبەین. كارەكانمان لە بەیانی زووەوە دەست پێدەكات. رۆژەکەمان بە نانکردن، ئاژەڵداری، خواردن دروستکردن، جل شۆردن و ئاژەڵ دۆشین بەڕێدەکەین".