Cemal Sargati
18 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 19 ئادار 2017
سلێمانى - AA
شاخەوانان لە سەرجەم شارو شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستانەوە بەشدارى ئەم کەرنەڤاڵەیان کردبوو، ئامانج لەم کەرنەڤاڵە بۆ ئەوەى کە شاخەوانى بکرێتە کولتورێک بەوەى کە دەتوانرێت مرۆڤ تێکەڵى سروشت بێت، هەروەها لەم کەرنەڤاڵەدا زیاتر لە هەزار کەس بەشدارى تێدا کربوو. لە کەرنەڤاڵەکەدا ژنان و کچان و هەروەها منداڵانیش بەشداریان کردبوو.
ئەندامى گرووپى شاخەوانانى سلێمانى، عومەر بەرکێو بۆ ئاژانسى ئانادۆڵوى گوتی: "ئێمە وەک کۆمەڵەى شاخەوانانى سلێمانى پێمان باش بوو ئەم کەرنەڤاڵە ئەنجام بدەین و هەروەها توانراوە زیاتر لە هەزار کەس لە شارو شارۆچکە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان بەشدارى تێدابکەن".
گوتیشى: "ئامانجمان لە کەرنەڤاڵى شاخەوانانى بۆ ئەوەیە کە شاخەوانى بکرێتە کولتورێک بەوەى کە مرۆڤەکان تێکەڵى سروشت بکرێن و هەروەها بتوانرێت مرۆڤەکانى سروشتى جوانى کوردستان ببینن".
ئەو ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە ئەم کەرنەڤاڵە وەک وەرزشێک ئەنجام دەدرێت کە بەدایکى وەرزشەکان ناودەبرێت و پێویستە زیاتر گرنگى پێبدرێت، هیواشى خواست خەڵکانێکى زۆر بۆ کەرنەڤاڵەکانى تر بەشدارى بکەن چونکە سوودى زۆرى هەیە.
نزار جەزا کە خوێندکاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییە و تەمەنى 22 ساڵە لەو کەرنەڤاڵە بەشدارى کردبوو، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەیەکە نیازی رێکخستنی گەشتێکی شاخەوانیم هەبوو، بەڵام دوای ئەوەی کە بیستیم کەرنەڤاڵێکی لەم شێوەیە هەیە، هاوڕێکانی زانکۆم ئاگادارکردەوە کە بەشداری بکەین، بۆیە چواردە کەس کۆبووینەوە و خۆمان ئامادەکرد کە بەشداری بکەین".
دەشڵێت "لە گەشتەکەماندا چووینە ناوچەی سەرگەڵو و ماوەی سێ کاتژمێر بەسەر شاخی سێکانیاندا شاخڕەویمان کرد، ئەوەی لەو رێگایە تێبینیم کرد، شاخەوانەکان هەموویان وەک خێزانێک بوون و هاوکاری یەکتریان دەکرد، ئەو هاوکاری و مرۆڤ دۆستییەیان وای لێکردووم بۆ گەشتەکانی دیکەی کۆمەڵەی شاخەوانی سلێمانی بەشداریی بکەم".
گوتیشی: "ئەم گەشتەی کردمان، گەشتێکی وەرزشییە کە سوودی تەندروستی هەیە و هەوای پاک هەڵدەمژین و دووردەکەوینەوە لە جەنجاڵی ناو شار و تێکەڵاوی سروشت دەبین، هەروەها لە رووی کۆمەڵایەتییەوە باشە کە کۆمەڵێک هاوڕێی نوێ دەناسین، بۆیە گرنگە خەڵک بەشداری ئەم جۆرە گەشتانە بکات و ببێتە کولتورێک لەناو خەڵکدا".