سلێمانی - AA
رێبین سیروان مەجید ئەو لاوە ٢٩ ساڵەی کە بڕیاری دا رێگەی هەندەران لە رێی بیلاڕووس-ەوە بگرێتە بەر، باسی ناخۆشییەکان و بەسەرهاتەکانی رێگەکە دەکات.
رێبین پیشەی رۆژنامەنووسە و لەدایکبووی ١٩٩٢ی هەولێرە و لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لەو ڕێڕەوی مەرگە دەکات کە خۆی شایەتی بووە.
ئەو لەسەرەتادا باسی خۆی دەکات و ئەو هۆکارانەی کە بڕیاری دا بەرەو هەندەران کۆچ بکات و گوتی: "من رۆژنامەنووسم لە چەند دەزگایەکی میدیایی کارم کردووە لە بواری سیاسییدا. من بەهۆی ئەوە بڕیارم دا بڕۆم لەبەر ئەوەی کە ترسم لە ژیانی خۆم هەیە و هەڕەشەم لێکراوە وەک رۆژنامەنووسێک. پێم دەڵێن نابێت لێرەبیت، دەڵێن دەتکوژین. من ئێستاش دڵنیا نیم لەوەی کە دەتوانم بە ئازادی لەهەر شوێنێک بم دەترسم لەوەی کە بمکوژن لەسەر ئەوەی کە هەڕەشەم لەسەرە. من کە لەسەر شەقام دەڕۆم لێرە، بە ترسەوە رێ دەکەم. ناتوانم چیتر بە ترسەوە لێرە بژیم، بۆیە مەترسی هەیە لەسەر ژیانم، بۆیە بڕیاری رۆیشتنم دا".
رێبین سیروان مەجید دەگێڕێتەوە کە لە مانگی تەمووزدا، سەرەتا ناو دەنووسرا لە چەند کۆمپانیایەکی گەشتوگوزار و ئەو ناوی خۆی نووسیوە بۆ گەشتی دەرەوەی وڵات، بەڵام وەک ئەوەی باسی دەکات "زۆربوونی خوازیارانی وەرگرتنی ڤیزە لە بازاڕەکان دەڵال پەیدا بووە" و دەڵێت ئەو کۆمپانیایەی ڤیزەکەی بۆ وەرگرتووە، نزیک بووە لە دەسەڵاتی رێژمی سووریا و گوتی: "بۆ نموونە ئەو کۆمپانیایەی من ڤیزەکەم لێوەرگرت تایبەت بوو بەخێزانی بەشار ئەسەد لە سووریا".
ئەو گوتیشی: "دوای ئەوەی کە ناوم نووسی لە مانگی تشرینی یەکەم ناوم هاتەوە و پێیان گووتم دەبێت لە هەولێرەوە بچیتە سلێمانی و لەوێوە سواری پاس بیت بۆ بەغدا پاشان دەتوانی گەشت بکەیت بۆ بیلاڕووس بە فڕۆکە، هاتمە سلێمانی، سەعات ١٢ی نیوەڕۆ گەیشتمە سلێمانی دواتر بە پاس بەڕێکەوتین بۆ بەغدا و شەو گەیشتینە بەغدا. سەعات ٨:٠٠، دەبوو هەر ئەو شەوە بچینە فڕۆکەخانەی بەغدا و لەوێوە دەربچین بۆ بیلاڕووس، بەڵام لەوێوە بەڵێنی ناڕاستی کۆمپانیاکە دەرکەوت، پێیان گوتین دەبێت بچنە دیمەشق و لەوێوە بێ مانەوە، رەوانەی بیلاڕووس-تان دەکەین، ئەوەبوو دوای ئەوەی شەوەکەی ماینەوە لە بەغدا، چووینە سووریا و لە دیمەشق فڕۆکەکەمان نیشتەوە، لەوێ بردیانینە هۆتێلێک، بۆ چوار رۆژ ئێمەیان هێشتەوە، دواتر سەرنجمان دا جگە لەئێمە ٨٠- ٩٠ کەسی تر لە هۆتێلەکە دەمانەوە بۆ هەمان مەبەست".
رێبین سیروان مەجید بەو شێوەیە درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت "پێش ئێمە بۆ پێنج رۆژ وەجبەیەکی تر لە هەمان هۆتێل مابوونەوە، تاوەکو بەڕێیان بکەن بۆ بیلاڕووس، دوای ئێمەیان بردە بیلارووس و گەیشتینە مینسکی پایتەخت و هەریەکەمان بەسەر چەند هۆتێلێکدا دابەش کرد. کێشەی ئێمە و هەموو ئەو کۆچبەرانەی کە دەڕۆن ئەوەیە، ڤیزای بیلاڕووس بۆ دوو هەفتە لێدەدرێت، بەڵام ئەوان هێندە لە رێگە دوات دەخەن، وا دەکەن کاتێک دەگەیتە مینسک لە بیلاڕووس چەند رۆژێکی کەمت مابێت بۆ بەسەرچوونی ڤیزەکە لەوێوە دەبێت زوو بیلاڕووس بەجێبهێڵیت، چونکە هەر ئەو چوار رۆژەی خۆشە کە ڤیزەکەت هەیە لە بیلاڕووس، دواتر هیچ هۆتێلێک وەرت ناگرێت، خواردنت دەست ناکەوێت، ئەوکات دەبێت بگەڕێیت بۆ شوقەیەک کە چاودێری لەسەر نییە، چونکە چیتر هۆتێل نادەنە کەسێک ڤیزەکەی بەسەرچووبێت، تەنیا هۆتێلێک هەیە بەناوی هۆتێلی مام عەزیز لەوێ لەپای مانەوە بۆ یەک شەفت واتە ١٢ سەعات ٥٠ رۆبڵ (٢٠ دۆلار) لێوەردەگرێت تەنانەت ئەگەر لەسەر قادرمەکانیش بخەویت کە هەندێکجار ناچاریت بەهۆی ئەوەی زۆر قەرەباڵغە، ناچاریت ئەو بڕە پارەیە بدەیت".
رێبین سیروان مەجید باسی سەرەتای ئەو رێگەیە دەکات کە بڕیاریداوە بیبڕێت بۆ گەیشتن بە یەکێک لە وڵاتانی ئەورووپا و دەڵێت "١٠ کم دەڕۆی تا دەگەیتە تەلەکانی پۆڵەندا، لەوێشەوە هاوشێوەی بیلاڕووس تەلە دڕکاوییەکان رووبەڕووت دەبێتەوە و کاتێک قسە لەگەڵ پۆلیسی پۆڵەندی دەکەیت، دەڵێن نابێت داخڵی پۆڵەندا بیت، چونکە ڤیزاتان پێ نییە و بە نایاسایی هاتوون، دەڵێن پێمان خۆشە بە ڤیزە بێن و ئەوکات خزمەتان دەکەین. هەندێک جار کۆچبەر هەبووە لەلایەن بیلاڕووس-ەوە رەوانەی ناوچەی تر کراوە لە سنووری پۆڵەندا توانیوێتی دەربچێت. پۆلیسە پۆڵەندییەکان پێیان دەگوتین لە دووری ٣٠ کم لە دەستی راستدا، دەروازەی فەرمی هەیە لەوێ دەتوانن داوای ڤیزا بکەن و بێنە نێو خاکی پۆڵەنداوە، بەڵام گومانمان لە راستی و دروستی ئەو قسانە دەکرد، چونکە ناتوانیت ٣٠ کم بەپێ ببڕی بەنێو قوڕ و چڵپاودا، تەنیا بۆ ئەوەی ئێمە لە کۆڵ خۆیان بکەنەوە، بۆیە وایان پێ دەگوتین".
رێبین سیروان مەجید لە بەشێکی دیکەدا، باسی لە دۆخی کۆچبەران لەناو دارستانەکان و هەڵوێستی پۆلیسەکانی سەر سنوور دەکات.
ئەو گوتی: "رەوشی کۆچبەران لە دارستانەکانی سەر سنووری پۆڵەندا زۆر خراپە، کۆچبەرەکان پێش ئەوەی بچنە سەر سنووری پۆڵەندا، دەچن، ئاو، گوێز، خورما و هەندێک خۆراکی کەم دەکڕن تەنیا بۆ ئەوەی لەبرسا نەمرن، نەک بۆ ئەوەی تێر بن. ئەمە لەوەیە تەنیا بەشی ٤-٥ رۆژت دەکات کە نەما دەبێت لەنێو جەنگەڵەکەدا بەدوای ئاودا بگەڕێیت، هەندێک جار قوڕاوی لێبووە، ناچار بووین کە بیخۆینەوە، بۆئەوەی نەخنکێین، من ئاوێکی لێبوو ناچارم بیخۆمەوە دواتر گورچیلەکانم دەستیان کردە ئازار".
دەشڵێت "کۆچبەران بە داری ئەو ناوچەیە هەوڵ دەدەن خۆیان گەرم بکەنەوە. مامەڵەی پۆلیسی بیلاڕووس خراپە لەگەڵ کۆچبەراندا، سەرەتا خۆیان دەروازەیان دەکردەوە بۆ ئەوەی کۆچبەران بچنە سەر سنووری پۆڵەندا، بەڵام ئێستا کە دەرگای لەسەر داخستی و چوویتە نێو جەنگەڵەکەوە رێگە نادات بچیتەوە نێو خاکی بیلاڕووس، هەندێک جار رێدەکەوێت کە دەتوانیت پارە بدەیتە پۆلیسی بیلاڕووس تاوەکو رێگەت بدات بچیتەوە نێو خاکی بیلاڕووس، بەڵام هەموو پۆلیسەکان بەو شێوەیە نین، خەڵک هەبووە ئامادەبووە پێنج هەزار دۆلار بداتە پۆلیسی بیلاڕووس بۆ ئەوەی بتوانێت جارێکی تر بچێتەوە نێو شارەکانی بیلاڕووس چونکە خواردن و ئاوی پێنەماوە، بەڵام رێگەیان نەداوە. هەرجارێکیش هەوڵی بەزاندنی سنوورەکە بدەیت بۆ نێو خاکی پۆڵەندا لێدانێکی زۆرت لێدەدەن، بۆیە بێ ئومێد دەبیت لە دەرچوون و ناشتوانیت بگەڕێیتەوە. لێدانەکان بە داری کارەبایی بە بۆکس و لەقە لێت دەدەن، هەندێک جار پارەت لێدەدزن".
سەرەئەنجام رێبین سیروان مەجید لە درێژەدان بەو رێگەیە نائۆمێد دەبێت و بڕیار دەدات کە ڕێڕەوەکەی بگۆڕێت.
ئەو دەگەرێتەوە بۆ مینسک پایتەختی بیلاڕووس و خۆی رادەستی ئۆفیسی کاروباری پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.
رێبین ئەو قۆناغە بەو شێوەیە دەگێڕێتەوە "گوتم تازە رێگاکە داخراوە و بێ هیوا بووم لە رۆیشتن، بۆیە چوومەوە مینسک پایتەختی بیلاڕووس و گوتم لەبری ئەوەی بچمەوە هەرێمی کوردستانی عێراق داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەم بمنێرێت بۆ وڵاتی سێیەم، یان ئەوەتا لە بیلاڕووس بمێنمەوە. بیلاڕووس فۆرمێکیان هەیە، هەموو ئەو شتانەی تێدا نووسراوە و دەڵێت، ئەگەر وڵاتەکەت هەر کێشەیەکی هەبێت بۆ مانەوەت، بۆت هەیە لەو وڵاتە بمێنیتەوە و دوای ئەوەی شەش مانگ دەمێنیتەوە تیایدا (بیلاڕووس) دواتر کەیسەکەت وەردەگیرێت، هاوکات ئەو فۆڕمە تیایدا نووسراوە کە هاوکاری ماددیش دەکرێیت لەو شەش مانگەدا، من گوتم لەوماوەیەدا ئەگەر هاوکارییە داراییەکەشم نەداتێ، تەنیا شوێنی خەوم پێبدەن خۆم دەژێنم، ئەوە باشترە لەوەی بگەڕێمەوە بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە ئەو هەموو پارەیەم خەرج کردووە، هیچیش بەهیچ نەکەم".
ئەو دەڵێت "لەوێ چوومە فەرمانگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مینسک، ئەوان فۆرمیان بۆ پڕ کردمەوە، ناویان لێوەرگرتم و پاسپۆرتەکانینان سەیر کرد و گوتیان باشە ئێمە کێشەمان نییە، رەوانەی فەرمانگەی پەنابەرانی بیلاڕووس-یان کردم، لەوێ داوام کرد کە دەمەوێت لێرە بمێنمەوە، گوتیان سبەی وەرەوە، بۆ سبەی کە چوومەوە سێ ئافرەتی لێبوو، یەکێکیان لەسەرەتاوە گوتی، ناتوانی لێرە بمێنیتەوە، چونکە بەنایاسایی لێرەیت و ڤیزاکەت بەسەر چووە، پێی گوتم دەبوو پێش ئەوەی بێیتە ئێرە ڤیزاکەت تازە بکەیتەوە'، ئیتر پاسپۆرتەکەشیان لێ وەرگرتم، گوتیان شەش مانگ زیندانی دەکرێیت ئەگەر بمێنیتەوە، منیش گوتم خۆم لە کوردستانەوە بۆ ئازادی هاتووم، لێرەش زیندانی بکرێم؟ بۆیە هەوڵیاندا کە بڕوام پێبهێن کە بڕۆمەوە نەمێنمەوە لە بیلاڕووس، بۆیە رازی بوون بە داوای ماناوەکەم و پاسپۆرتەکەیان وەرگرت بە بیانووی ئەوەی ڤیزاکەم بۆ تازە دەکەنەوە، هۆتێلێکیان بۆ گرتم، دواتر بۆ رۆژی دواتر لەگەڵ کەسێکدا منیان برد بۆ فڕۆکەخانە بە بیانووی تازەکردنەوەی ڤیزە، لەوێ لە هۆڵی چاوەڕوانی دانیشتم و گوتیان پاسپۆرتت لێرەیە وەری دەگرینەوە بە ڤیزەکەتەوە".
رێبین سیروان مەجید دەشڵێت "لە چاوەڕوانیدا بووم کاتێک چوار پۆلیسیان بۆ هێنام بەزۆر هەوڵیان دا بمخەنە ناو فڕۆکەیەکەوە و بەزۆر بمنێرنەوە، منیش لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکەوە دەستم کرد بە پەخشی راستەوخۆ لەبارەی بەزۆر ناردنەوەکەم و بەو جۆرە منیان خستە نێو فڕۆکە و بەبێ ئەوەی تێستی کۆرۆنام بۆ بکەن خستیانمە نێو فڕۆکەیەک کە ٢٠ کەسی تێدابوو، جانتاکەشیان نەدامەوە، لەوێ بەجێما، دواتر رەوانەی سووریایان کردمەوە".
رێبین سیروان مەجید دوای رەوانەکردنەوەی بۆ سووریا لە فڕۆکەخانە دیمەشق لە ژوورێک دەستبەسەر دەکرێت و وەک خۆی دەڵێت، "بەبێ نان و ئاو، بانگی پۆلیسێکم کرد و پێم گوتن ئێمە مرۆڤین بە ئاو و نان دەژین، بۆ وەک ئاژەڵ مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن، ئیتر دەرگاکەیان بۆ کردینەوە و لە بەشی سەرەوەی فڕۆکەخانەکە چووینە رێستۆرانتێک و بە سێ کەس ١٥٠ دۆلاریان لێوەرگرتین بۆ خواردن. هەموو ئەوانەی لە سووریاوە دەڕۆن کوردی هەرێمی کوردستانن".
news_share_descriptionsubscription_contact

