Raşa Evrensel
22 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2020
واشنتۆن - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ رۆژی دووشەممەی داهاتوو سەردانی ئیسرائیل دەکات و دواتریش سەردانی ئیمارات دەکات.
ماڵپەڕی "Axios"ی ئەمریکی لە سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێت گواستووەتەوە "گفتوگۆکانی پۆمپیۆ لە ئیسرائیل تایبەت دەبێت بە پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ئیمارات و هەنگاوەکانی ئەمریکا لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نێودەوڵەتی بەسەر ئێران.
ماڵپەڕەکە روونیکردووەتەوە، چاوەڕێ دەکرێت پۆمپیۆ لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل لەگەڵ سەرۆکوەزیران، بێنیامین ناتانیاهو و وەزیری بەرگریی، بێنی گانتس و وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، گانی ئەشنکازی کۆبێتەوە.
بڕیارە پۆمپیۆ دوای سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل سەردانی ئیمارات بکات و لە میانیدا لەگەڵ شازادەی جێنشین، محەمەد بن زاید و وەزیری دەرەوەی ئیمارات، عەبدوڵڵا بن زاید کۆببێتەوە.
رۆژی ١٣ی ئابی رابردوو، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئیماراتی راگەیاند.