سلێمانی - AA رەوا مەحمود حەسەن
دوای هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقی کە بەشێوەیەکی درەنگ کەوتوو هەوڵی بۆ دەدرێت، چاوی هەموو لایەنەکان بەو ئاراستەیەدان کە ئایا پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی و حکوومەتی هەرێم بەکوێ دەگات بەتایبەت لەبارەی پرسی بوودجە و رێککەوتنەکانی نەوت و بەم دواییەش پرسی دەرهێنانی گاز کە ئێستا خواستێکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ فراوانکردنی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی هەرێمی کوردستان و رەوانەکردنی بۆ وڵاتانی ئەورووپا، ئەمیش لە دوای ئەو جەنگەی لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا هەڵگیرسا و وڵاتانی جیهانی کردووە بەدوو بەرەی رۆژئاوایی کە ئەمریکا رابەرایەتی دەکات لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا، هاوکات بەرەی رووسیا کە ئێران و چەند وڵاتێکی تری وەک چین خۆیان لەیەک بەرەی دژە رۆژئاواییدا دەبیننەوە و ئەمەش کاریگەری کردۆتە سەر پرۆسەی هەناردەکردنی گازی سروشتی رووسیا بۆ ئەورووپا کە پێشتر لە رێگەی نۆرد ستریم 1 رەوانە دەکرا، لەئێستادا هەوڵ دەدرێت کە بۆ بەرگرتن لەهەر قەیرانێکی وەزە بەتایبەت گازی سروشتی، جێگرەوەی گازی رووسیا بدۆزرێتەوە کە بۆ ئەورووپای رۆژئاوای تەرخان دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش چاوەکان لەسەر گازی سروشتی چەند ناوچەیەکن بەتایبەت هەرێمی کوردستان کە بەهەموو شێوەیەک وڵاتانی وەک رووسیا و ئێران دژبەو هەوڵانەن.
بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی هەموو ئەم پێشهات و هەڵوێستە تازانە، ئاژانسی ئانادۆڵو هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ شارەزا لە بواری گرێبەستەکانی نەوت و گاز و هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە گرێبەستەکانی نەوت و گاز، رێبوار محەمەد محەمەدئەمین ئەنجام دا.
رێبوار محەمەد محەمەدئەمین سەرەتا لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا پێکهێنانی حکوومەت لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی-یەوە کاریگەری دەبێت لەسەر رێککەوتن و نزیکبوونەوەی هەرێم و ناوەند لەسەر پرسی نەوت و گرێبەستەکان گوتی: ''وەک چارەسەری کۆتایی لەوباوەڕەدانیم گۆڕانکاری بنەڕەتی هەبێت، بەڵام پێدەچێت تا رادەیەک خاوبوونەوەیەک هەبێت لەبەرئەوەی هەردوو هێزە سەرەکییەکەی کوردستان پشتیوانی لە حکوومەتی داهاتوو دەکەن و حکوومەتەکەش پشتگیڕی تەواوی ئێرانی هەیە. بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی دژی هەناردەکردنی گازی هەرێم بوو، ئێران بەمەترسی سەرخۆی دەزانی، بەڵام لە لووتکەی تاران لە هاوینی ئەمساڵ گرێبەستەکەی نێوان تورکیا و ئێران درێژ کرایەوە بۆ ٢٥ ساڵی تر. ئەم دوو هۆکارەی سەرەوە ئێران خاودەکاتەوە و ململانێکە ئاراستەیەکی تر وەردەگرێت، بەڵام کۆتایی نایەت، چونکە تا دەستوور جێ بەجێ نەکرێت و یاسای نەوت و گازی فیدراڵیی دەرنەکرێت کێشەکە کۆتایی نایەت، باوەڕم نییە وا بەئاسانی ئەوە رووبدات".
شارەزا لە بواری گرێبەستەکانی نەوت و گاز، رێبوار محەمەد محەمەدئەمین لەبارەی پرۆسەی فراوانکردنی کێلگە گازییەکان بەتایبەت لە کێڵگەی گازی سروشتی کۆرمۆر کە دەکەوێتە قەزای چەمچەماڵ رایگەیاند ''کۆمپانیای دانە گاز لەئێستادا توانای بەرهەمهێنانی ٤٥٢ ملیۆن پێ سێجا غازی هەیە، ئەگەرچی ویستوویەتی لە ئاییندەیەکی نزیکدا بگاتە یەک ملیار پێ سێجا، بەڵام بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکراینا-رووسیا لە شوباتی ئەمساڵدا، هەروەها بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵیی لە ١٥ی شوباتدا کە مەبەست لێی ئەوە بوو کورد نەتوانێت لە ئاییندەدا گرێبەستی گاز ئەنجام بدات، نەتوانرەوە بەرهەمهێنان زیاد بکرێت".
رێبوار محەمەد محەمەدئەمین ئاماژەی بەوەدا کە لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە پرۆسەی نەوت ناوبەناو ململانێی لەسەر بووە، بەڵام نەگەیشتووە بەو قۆناغەی لە بابەتی گازدا هاتووەتە پێشەوە، لەبەرئەوەی رووسیا و ئێران نیگەران بوون لە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها لە ئەنجامی هێرشەکان بۆسەر هەولێر و کێڵگەی کۆرمۆر و هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق هەم لەلایەن دادگای فیدراڵیی و هەم لەلایەن دادگای کەرخ و هەم دادگای نێوبژیوانیی فەڕەنسی، هەموو ئەمانە وایان کرد هەوڵەکانی کۆمپانیای دانە گاز لە بەشی فراوانبوونەکەی بوەستێت و لەئێستادا کار ناکرێت بۆ فراوانکردن.
شارەزا لە بواری گرێبەستەکانی نەوت و گاز، رێبوار محەمەد محەمەدئەمین لەبارەی دابەشکردنی بەرپرسیارێتیەکانی یەکێتی و پارتی لەسەر پرسی گازی سروشتی لە وەڵامی پرسیاری ''ئایا یەکێتی و پارتی لەسەر مەلەفی نەوت و گاز رێکدەکەون بەجۆڕێک نەوت بۆ پارتی و مەلەفی گاز بۆ یەکێتی، تا چەند راستە و ئەمە گونجاوە، چونکە زۆربەی گازی هەرێم لەژێر ناوچەی دەسەڵاتی یەکێتیدایە'' گوتی: ''تا ئێستا بەفەرمی چ پارتی و یەکێتی یان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و دەزگایەکی فەرمیی حکوومەت ئەو هەواڵەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. ئەم کارە کارێکی باش نییە، چونکە هەرێمی کوردستان تووشی دابڕان دەکات و دەبێت حکوومەتی هەرێم زیاتر یەکگرتوو بێت. ئەگەر ئابووری دابەش بکەین ئەوا لەڕووی سیاسییەوە تووشی پاشەکشە دەبین".
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا دوای بڕیارەکانی ئۆپیک بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و جێبەجێکردنیان لەلایەن سعوودیە و عێراقەوە، ئەمە تا چەند قازانجی هەیە بۆ ساغکردنەوەی نەوتی هەرێم؟ ئەو شارەزایەی بواری نەوت و گاز ئاماژە بەوە دەكات کە لەئێستادا ئەو ململانێیەی لە جیهاندا لەنێوان بەرەی ئەمریکا و بەرەی رووسیادا هەیە، هەم لەڕووی ئابووری و هەمیش لەڕووی جیۆپۆڵەتیکەوە قازانجێکی زۆر باشی هەیە بۆ هەرێمی کوردستان و گوتی: "هەرێمی کوردستان تاکە سەرچاوی پشتپێبەستووی ئابووریی بریتییە لە نەوت، بۆیە ئەگەر نرخی نەوت بەو شێوەیەی کە ئێستا هەیە و لە سەرووی ٩٠ دۆلارەوە بێت، هەرێمی کوردستان قازانج دەکات. لەڕووی سیاسیی و جیۆپۆڵەتیکەوە هەرێمی کوردستان قازانجییەتی، چونکە لەئێستادا کە ئۆپێک ١٣ دەوڵەتە و بەشی زۆریان وڵاتی عەرەبین کەوتوونەتە سەنگەری دژی ئەمەریکاوە، لەبەرەی رووسیادان و بڕیارەکانیان لە قازانجی رووسیادایە. لەو رووەوەی کە نەوت لە ٩٠ دۆلار و سەرووترەوە بمێنێتەوە، رووسیا داهاتێکی زەبەلاحی دەست دەکەوێت بۆ ئەوەی بەردەوامی بە جەنگەکەی بدات، ئەمەیش پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکایە. سعوودیە و عێراق و ئەو وڵاتانەی دیکە چوونەتە سەنگەرەی دژی ئەمریکاوە و لە سەنگەری بەرەی رووسیادان".
شارەزا لە بواری گرێبەستەکانی نەوت و گاز، رێبوار محەمەد محەمەدئەمین لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ''ئەوەی کە عێراق چووەتە بەرەی دژی ئەمریکاوە و ئێمەش لەسەر مەلەفی نەوت و گاز و ماددەی ١٤٠ و هەندێک مەسەلەی تری پەیوەندیدار بە دەستوور ناکۆکیمان لەگەڵ حکوومەتی ناوەند هەیە، لەڕووی پشتیوانی سیاسیی و سەربازیی و ئاسایش قازانج دەکەین و ئەو پشتیوانییانە بۆ ئێمە زیاد دەبن. ئەگەر کورد بتوانێت کەڵک لەو کارتانە وەربگرێت، ئەوا ئەم قۆناغە بۆ ئێمە قازانجی هەیە".
سەبارەت بە پشتگیرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دژی بڕیارەکانی حکوومەتی فیدراڵیی و دادگای فیدراڵیی لەسەر پرۆسەی گواستنەوەی نەوت و گازی هەرێم و لە وەڵامی پرسیاری ''ئایا راستە بەرپرسانی ئەمریکا دژی بلۆککردنی نەوتی فرۆشراوی هەرێمن و ئامادە نین بڕیارەکانی بەغدا جێبەجێ بکەن بۆ بایکۆتکردنی نەوتی هەرێم؟''رێبوار محەمەد محەمەدئەمین گوتی: ''تاوەکو ئێستا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەوت هەناردەی دەرەوە دەکات، هیچ بڕە نەوتێک یاخود داهاتەکەی دەستی بەسەردا نەگیراوە یان بلۆک نەکراوە. ئەگەر تەماشای سیاسەتی ئەمریکا بکەین بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەبینین بەردەوام پشتیوانییان لە هەرێم کردووە. ئەمریکییەکان پێیان وایە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، چەند دوژمنایەتی هەرێم دەکات ئەوەندەش دژایەتی بەرژەوەندی ئابووریی ئەمریکا دەکات، چونکە زیاتر کۆمپانیا ئەمریکییەکانی بە ئامانج گرتووە. عێراق لە ماوەی ئەم مانگەدا، دووجار کەوتووەتە سەنگەری دژی ئەمریکاوە یەکەمیان؛ بڕیارەکەی ئۆپێک بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی دوو ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، دووەمیشیان؛ پشتیوانیکردنی عێراق بۆ سعوودیە لە دژی ئەمریکا لەڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە. بەم شێوەیە هەنگاوەکانی عێراق و وڵاتانی عەرەبی دژی ئەمریکا وادەکەن ئەمریکا بەردەوام لە سەنگەری پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستاندا بێت. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکراینا-رووسیا، هەرێمی کوردستان بتوانێت کارتەکانی ژیرانە بەکاربهێنێت، چونکە وەک پێشبینی کراوە لە سەرەتادا رووسیا بەهێز دەبێت، بەڵام کۆتاییەکەی بۆ ئەمریکایە. لەم جەنگەدا وردە وردە هەژموونی رووسیا لە ئەورووپا تەواو دەبێت لە نۆرد ستریم 2 کە ئەمریکا نەیهێشت بکەوێتە کار و نۆرد ستریم 1یش داخراوە. بڕیاریش وایە لە مانگی دیسەمبەر (کانوونی یەکەم) کۆتایی بە بەکارهێنانی نەوتی رووسیا بێت".
شارەزا لە بواری گرێبەستەکانی نەوت و گاز، رێبوار محەمەد محەمەدئەمین ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ململانێیانەی ئێستا وڵاتانی هەناردەکاری نەوت کە عێراق ئەندامە تیایدا تێوەی گلاون، بۆ هەرێمی کوردستان دۆخێکی لەبارەو دەڵێت ''بۆ ئێمە زۆر باشە ئەگەر بتوانین بەوردی و قۆناغ بەقۆناغ کارتەکانمان بەکار بهێنین و سوود لە گۆڕانکارییەکان ببینین، لەڕووی جیۆپۆڵەتیک، ئابووری و ئاسایشەوە. پێویستە هەرێمی کوردستان هەموو هێلکەکانی نەخاتە یەک سەبەتەوە، بڕیاری پێشوەختە نەدات، بەڵکو بەوردی و بەدیراسە سوود لەو هەنگاوانە ببینێت، بۆ ئەوەی بتوانین لە ئایندەدا سوودی زیاتر ببینین و ئەگەر توانیمان گاز هەناردە بکەین سوود لە بەرهەمی گازیش وەربگرین".
news_share_descriptionsubscription_contact

