Kasım İleri
25 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2022
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس رایگەیاند، ئەگەر رووسیا لە ئۆکراینا چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت، باجەکەی قورس دەبێت و ئەو بانگەشانەی کە باس لەوە دەکەن ئۆکراینا ئامادەکاری دەکات بۆ بەکارهێنانی "بۆمبی تیشکدەر"، "زانیاری ناڕاستن".
نێد پرایس لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا گوتی: "نیگەرانین کە گوێبیستی ئەو جۆرە زانیارییە ناڕاستانە دەبین کە لەلایەن کرملین-ەوە بڵاودەبنەوە. ئێمە رابردووی کرملین دەزانین کاتێک باس لەم جۆرە بانگەشانە دەکرێت".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس بە وەبیرهێنانەوەی ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، رافایێل ماریانۆ گرۆسسی کۆبووەتەوەوە و داوای کردووە پشکنین بۆ وێستگە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی بکرێت رایگەیاند کە ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بڵینکن-یش لەگەڵ رافایێل ماریانۆ گرۆسسی کۆدەبێتەوە و ئەو بابەتە تاوتوێ دەكات.
نێد پرایس ئەوەیشی خستەڕوو کە ئەوان بۆ رووسەکان روونیان کردووەتەوە، هەر بیانوویەک کە دەیهێننەوە دەبێتە هۆکاری زیادبوونی گرژییەکان، رایگەیاند "ئەگەر رووسیا چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت، دەرەنجامی زۆر قورسی دەبێت".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کە ئەم دەرئەنجامە قورسانە چی دەبن، ئەوەی خستەڕوو کە ئەوان بەشێوەیەکی روونتر و وردتر هۆشدارییان داوەتە رووسیا، بەڵام پێیان باش نییە ئەو هەنگاوانە بۆ رای گشتی بخەنەڕوو کە دەیگرنە بەر.
دوێنێ وەزیری بەرگریی رووسیا، سێرگی شۆیگو لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ وەزیرانی بەرگریی تورکیا، بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەمریکا رایگەیاندبوو، ئۆکراینا ئامادەکاری دەکات بۆ بەکارهێنانی "بۆمبی تیشکدەر".
وهزیرانی دهرهوهی ئهمریکا، بهریتانیا و فهڕهنسا له راگەیەندراوێکی هاوبهشدا لە دوای کۆبوونەوەی نێوانیان بڵاویان کردەوە، بانگەشەکانی رووسیایان رەتکردەوە و رایانگەیاندبوو کە بیانوو بۆ زیادکردنی گرژییەکان قبووڵ ناکەن.