Saadet Firdevs Aparı
12 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2022
ئه‌نقه‌ره-AA
كۆمپانیای نیسانی ژاپۆنی بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئۆتۆمبیل ئاشكرایكرد كاره‌كانی له رووسیا راده‌ستی هاوبه‌شه خۆجێییه‌كه‌ی ده‌كات و له بازاڕی به‌رهه‌مهێنان له وڵاته‌كه ده‌كشێته‌وه.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه له‌لایه‌ن كۆمپانیاكه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاماژه به‌وه كراوه ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردن پرۆسه‌ی فرۆشتنه‌كه‌ی به په‌یمانگه‌ی ناوه‌ندیی لێكۆڵینه‌وه و په‌ره‌پێدانی ئۆتۆمبیل و بزوێنه‌ر له رووسیا ناسراو به (NAMI)، په‌سه‌ند كردووه.
تیشكخراوهته سه‌ر ئه‌وه‌ش كه فرۆشه‌كه كارگه‌كانی نیسان و ناوه‌نده‌كانی په‌ره‌پێدان له سان پیترسبۆرگ و ناوه‌ندی فرۆشتن و به بازاڕكردن له مۆسكۆ، ده‌گرێته‌وه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باس له‌وه كراوه كشانه‌وه له رووسیا "كاریگه‌ریی" ١٠٠ ملیار یه‌ن (٦٨٠ ملیۆن دۆلار)ی ده‌بێت و مافی كارمه‌نده‌كانیان له رووسیا بۆ ماوه‌ی ساڵێك به پارێزراوی ده‌مێنێته‌وه.
به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری نیسان، ماكۆتۆ ئوچیدا له‌وباره‌یه‌وه رایگه‌یاندووه: "له‌و خاڵه‌دا كه نه‌مانتوانیوه له چالاكییه‌كانمان له بازاڕه‌كه‌دا به‌رده‌وام بین، باشترین چاره‌سه‌رمان بۆ پشتیوانیی كردن له كارمه‌ندانمان دۆزیوه‌ته‌وه كه بگونجێت".
فرۆشتنه‌كه بڕیاره له ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كدا كۆتایی بێت و له مه‌رجه‌كانیدا بژارده‌ی ئه‌وه به نیسان دراوه كه له ماوه‌ی شه‌ش ساڵدا ده‌توانێت ده‌ست به‌كاره‌كانی له رووسیا بكاته‌وه.
كۆمپانیای نیسان دوای ده‌ستپێكردنی جه‌نگی رووسیا-ئۆكراینا، له مانگی ئاداردا بڕیاری راگرتنی به‌رهه‌مهێنانی ئۆتۆمبیلی له رووسیا، دابوو.