Dlshad Saifaalddin Ahmed
15 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2017
سلێمانی ـ AA
دوێنێ دووشەممە، ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان، بە ئامادەبوونی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی و جێگری سەرۆكوەزیران، قوباد تاڵەبانی لە هەولێر، كۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، چەند پرسێكی گرنگی پەیوەست بە چۆنیەتیی پەرەپێدانی وەبەرهێنان بە گشتی و كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ بە تایبەتی لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەبارەوە كرا و پلان و میكانیزم بۆ كارئاسانیی جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانەی خزمەت بە هاووڵاتییان و كەرتی تایبەت دەكەن، داڕێژرا.
گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان كە ئەندامی ئەنجوومەنەكەیە و بەشداربووە لە كۆبونەوەكەدا رایگەیاند "لەو كۆبوونەوەیەدا ٢١٠ بڕیاری دڵخۆشكەر بۆ بەرژەوەندی ئابووری هەرێمی كوردستان و وەبەرهێنەران و حكوومەت دەركراوە".
یاسین مەحمود لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا بە هۆی قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی قەیرانی دارایی و سیاسی و شەڕی داعشەوە، وەبەرهێنانی كوردستان پاشەكشەی گەورەی كرد بوو، بەو هۆیەشەوە چەندین پڕۆژە و وەبەرهێنەری گەورەی بیانی پڕۆژەكانیان لە هەرێمی كوردستان بەجێهێشتبوو و لەو ماوەیەشدا ئێمە كۆمەڵێك كۆبوونەوەی ئامادەكاریمان بە سەرپەرشتی جێگری سەرۆكوەزیران، قوباد تاڵەبانی ئەنجامدا بوو، بەڵام ئەوەی گرنگ بوو لە كۆبوونەوەی دوێنێ هەموو ئەو بابەتانەی لەماوەی رابردوودا قسەمان لەسەر كردووە و ئەو پڕۆژانەی پێشكەشی دەكەین، بەو پڕۆژانەی ئێمە دەمانویست لە لایەن ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان و سەرۆكایەتی حكوومەتەوە پەسەند كران".
یاسین مەحمود گوتی: "ئەو خاڵانەی گرنگە كە لە كۆبوونەوەكە پەسەند كران و دڵمان پێیان خۆشە، لەوانە نەخشەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە كە ساڵانێكی زۆرە داوای ئەو نەخشەیە دەكەین و بەو نەخشەیە وەبەرهێنەران رێگای راستی وەبەرهێنانی خۆیان دەدۆزنەوە. بەو نەخشەیە لەمەودوا هەرێمی كوردستان لەو ترس و دڵەراوكێیەش رزگاری دەبێت كە ئەگەر رۆژێك لە رۆژان رووبەڕووی كێشەیەكی سیاسی بێتەوە و ترسی داخستنی سنوورەكانی لەسەر بێت، دەتوانێت ماوەیەكی زیاتر بەرگە بگرێت لەگەڵ دۆخی ئابووری خۆیدا، هەروەها بەو نەخشە رێگایەی دوێنێ حكوومەت پەسەندی كرد لەمەودوا حكوومەتی هەرێم وەك وڵاتانی تر دەبێتە خاوەنی ژێرخانی خۆی" .
بە گوتەی ئەندامەكەی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان، خاڵێكی دیکە كە لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاری لەسەر دراو گرنگە بە لایانەوە، "ئەوەیە كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازی هەرێمی كوردستان رزگاری بوو لە كۆمەڵێك رێنمایی خراپ كە لە لایەن وەزارەتەكانەوە دەركرابوو، ئەو رێنماییانەش ئازاری بەرهەمەكانی ناوخۆی دەدا و لە ئێستاوە ئەم سێ كەرتە دەبنە جێگرەوەی واقعی ووزە و نەوتی هەرێمی كوردستان".
گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان رایگەیاند، لەماوەی یەك مانگی داهاتوودا كاریگەرییە ئەرێنییەكانی ئەو بڕیارانە لەسەر جەستەی ئابووری هەرێمی كوردستان رەنگ دەداتەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە رێوڕەسمێكی رێزلێنان بۆ ٥٠ وەبەرهێنەری گەورەی هەرێمی كوردستان سازبكرێت و لە لایەن سەرۆكایەتی حكوومەتی هەرێمەوە مەدالیای زێڕیان پێشكەش بكرێت.
هەروەها بڕیاردراوە بۆ ئاوەدانكردنەوەی زیاتری قەزا و ناحیەكان و ناوچەكانی دەرەوەی شارە گەورەكان، حكوومەت ئیمتیاز و هاندان زیاد بكات، تاوەكو هەموو وەبەرهێنەران خوازیار بن لەو شار و شارۆچكانەدا پڕۆژەی وەبەرهێنان ئەنجام بدەن.
لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاری ئەوەش دراوە، لەمەودوا رێگا بەهەر هاووڵاتییەكی تری شارەكانی عێراق بدرێت بۆ كڕین و بە ناوكردنی یەكەی نیشتەجێبون لە شارەكانی هەرێمی كوردستان.
یاسین مەحمود ئەوەشی گوت "بۆ بەهێزكردنی كەرتی پیشەسازی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكەدا دوو پڕۆژەی پیشەسازی پەسەند كران، پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازی عەربەت (پارێزگای سلێمانی) كە دەبێت پیشەسازییەكانی ئێران لەو ناوچەیە دەست پێ بكات، لەگەڵ شاری پیشەسازی دهۆك كە پێویستە پیشەسازییەكانی توركیا لەوێ بەرهەم بهێنرێت".
ئەو هەروەها بە گەشبینییەوە باسی لە گرنگی بڕیارەكان دەكات و دەڵێت "پەسەندكردنی ئەو بڕیارانەی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان، كەرتی وەبەرهێنان لە پاشەكشە و مایەپوچ بوون رزگار دەكات و ٣٥٠ تا ٤٠٠ كۆمپانیاش لە مایەپوچ بوون رزگار دەكات".
سەبارەت بە پرسی ئاوەدانكردنەوەی شاری مووسڵ لە دوای داعش و خواستی وەبەرهێنەران و بەڵێندەرانی هەرێمی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە پڕۆژەكانی ئاوەدانکرنەوەی شارەكەدا، گوتەبێژی وەبەرهێنەرانی هەرێم گوتی: "لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، باس لە پرسی ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ كراو راپۆرتی لایەنە پەیوەندیدارەكان لەو بارەیەوە خراویەڕوو، مووسڵ لە ئێستادا ١٥ تا ١٦ ملیار دۆلار پڕۆژەی وەبەرهێنانی هەیە، هەروەها بە بڕی ١٠ تا ١٥ ملیار دۆلار پڕۆژەی بەڵێندەرایەتی هەیە، سەرۆكی حكوومەت هانی داین بەپەلە خۆمان بگەیەنینە مووسڵ پێش ئەوەی كۆمپانیا جیهانییەكان بگەنە ئەو شارە، هەروەها سەرۆكی حكوومەت بەڵێنی ئەوەیدا لەماوەیەكی نزیكدا كۆبوونەوەیەك لەگەڵ حكوومەتی خۆجێی مووسڵ سازبكات و دەبێت ئەولەویەتی جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و بەڵێندەرایەتی مووسڵ بدرێتە ئێمە نەوەك كۆمپانیا بیانییەكان".
یاسین مەحمود ئەوەشی گوت: "دیراسەی دۆخی مووسڵمان كردووە لە دوای داعش و بۆمان دەركەوتووە ئەو پڕۆژانەی لە مووسڵ رادەگەیەنرێت بە ئێمەی وەبەرهێنەرانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت، بە پێی ئەو ئامارانەش بێت ئێمە وەك هەرێمی كوردستان دەبێت لەو وەبەرهێنانانەی جێبەجێ دەكرێت لانیكەم ٦ تا ٧ ملیار دۆلاری وەبەرهێنان دەست هەرێم بكەوێت و لە پڕۆژەكانی بەڵێندەرایەتیش ٤ تا ٥ ملیار دۆلاری بەر بكەوێت".
بە گوتەی گوتەبێژی وەبەرهێنەران، لەماوەی رابردوودا لە لایەن پارێزگاری كەركووكەوە ٧٠ لەسەدی پڕۆژەكان ئەو پارێزگایە دراوەتە بەڵێندەران و وەبەرهێنەرانی هەرێمی كوردستان ، داواشی كرد پارێزگاری مووسڵیش ئەو هاوكاری یارمەتییانەی هەرێمی كوردستانی لەبەرچاو بێت كە لە ماوەی ئەو ساڵانەی رابردوو پێشكەشی بەرپرسان و ئاوارەكانی شارەكەی كردووە و لە پڕۆژەكانی شارەكەدا پشكی گەورە بۆ هەرێمی كوردستان بێت.
گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان لە كۆتایی لێدوانەكەیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، جەختی لەسەر گرنگی بڕیارەكان كردەوە و گوتی: "بە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانەی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان، ٢٥ تا ٣٠ لەسەدی قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان بەرەو چارەسەركردن دەبات، ئەگەر بڕیارەكان بكەونە بواری جێبەجێكردنەوە".