Heman Hussein Yaseen
26 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 27 ئاب 2020
هەولێر - AA
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە واژووی وەزیری دارایی و ئابووری، ئاوات جەناب نوری لەسەرە، ئاراستەی سەرجەم وەزارەتەکانی حکوومەتی کردووە و تیایدا ئاماژەی بە رێنمایی ژمارە ١٦ کردووە و بەپێی ئەو رێنماییە بڕیاریداوە کە لەسەدا ١٥ی ئەو قەرز و سزایانە خۆش دەبێت ئەگەر بە یەکجار و بەشێوەی کاش بدرێنەوە حکوومەت.
نووسراوەکە ئاراستەی سەرجەم وەزارەتەکان و فەرمانگە نەبەستراوەکان بە وەزارەتهكان کراوە و تیایدا وادەی ئەو وادەیەشی دیاریی کردووە کە لە چوارچێوەی رێنماییەکاندا هەیە بۆ دانەوەی قەرزەکانی حکوومەت.
بەپێی بڕیارەکە، رێژەی لێخۆشبوونەکە پێشینەکانی خانووبەرە، پیشەسازی، کشتوکاڵی و گەشتیاری دەگرێتەوە ئەگەر سوودمەندبووان لە کاتی دیاریکراو و بە یەک گوژمە و بە شێوەی کاش قەرزەکان بۆ حکوومەت بگەڕێننەوە.
ھەر لە بڕیارەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو کە لێخۆشبوون بەڕێژەی سەدا ١٥ لەو پێشینەیەی کە لە ئەستۆی هاووڵاتییان ماوە کە بۆ پڕۆسەی هاوسەرگیری و قەرزی بچووک وەریانگرتووە، ئەگەر سوودمەندبووان بە شێوەی کاش و بە یەک گوژمە بەر لەو ماوەی دیاریکراوە قەرزەکانیان بگەڕێننەوە.
لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا، دوا رێککەوتن بۆ دانەوەی قەرزەکان دیاریی کراوە کە یەکی ئەیلوولە و ئەگەر قەرزەکان بەر لە هاتنی ئەو وادەیە بە شێوەیەکی کاش و بەیەک گوژمە بدرێتەوە حکوومەت، ئەوا وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان سەدا ١٥ی قەرزەکەیان لێ خۆش دەبێت.