ئەنقەرە
سەرۆکایەتی کاروباری ئاینی راپۆرتێکی بەرفراوانی لەژێر ناوی ''هێز، ئامانج، تاکتیک، دروشم، چالاکییەکان و تێگەیشتن لە ئیسلام لەلای رێکخراوی تێرۆریستی داعش'' بڵاو کردەوە.
لەو راپۆرتەدا کە پێشکەشی سەرۆکی کاروباری ئاینی پرۆفیسۆر دکتۆر مەهمەت گۆرمەز کراوە باس لە دامەزراندنی داعش، هۆکارەکانی گەشەسەندنی، هێز و چالاکاییەکانی، ئامانجەکانی، تاکتیک و دروشمەکانی، تێگەیشتنیان لە ئیسلام و هەروەها فتوای زانایانی سوننە سەبارەت بە رێکخراوەکە، تێدایە.
لەو راپۆرتەدا کە ئامادەکراوە بەراوردی زانیارییەکان لەگەڵ ئەو فتوا و ئامۆژگارییانە کراوە کە کاری پێدەکرێت.
ئامانج لەو راپۆرتە، لەپاڵ مزگەوتەکان و زۆریک لەو بەرنامانەی لەلایەن سەرۆکایەتی کاروباری ئایینییەوە سازدەکرێن و بە سەرنجدان بۆ ئەو چالاکییانەی داعش کە زیانی بە ئایینی ئیسلام گەیاندووە، کۆمەڵگە هۆشیار بکرێتەوە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە رێکخراوەکە بەشێوەیەکی کاریگەر ئامێرەکانی پەیوەندی بەکاردەهێنن و تێدا کەڵک لەو دروشمانە وەردەگرن: ''ئێمە جارێکی دیکە لە بەهەشت لە دایک دەبینەوە''، ''تەنها جارێک دەمرێت، بۆچی شەهیدبوون هەڵنابژێریت؟''، ''ئەوەی لەبەر خاتری خوا بمرێت بۆ هەتا هەتایە بە زیندوویی دەمێنێتەوە، ناتەوێ؟''.
''لەناوبردنی کەسانی سڤیل، لەگەڵ ئیسلام یەکناگرێتەوە''
لە راپۆرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەو مرۆڤە سڤیلانەی کە بوونەتە قوربانی پێکدادانەکان، لەناوبردنی مناڵان و ژنان و پیرەکان، راگواستنی مرۆڤەکان لە شوێن و وڵاتەکانیان، ناتوانرێت لەگەڵ ئیسلامدا تەبا بێت. هیچ مەزهەبێک ناتوانێت قەناعەتی خۆی وەک حەقیقەتی رەها تەماشا بکات و ناتوانێ بۆچوونی جیاواز و ئەوانەی دەرەوەی خۆی بە چوونە دەرەوە لە ئیسلام تاوانبار و تەکفیریان بکات، لەسەر ئەو بنەمایەش ماڵ و گیانیان حەڵال بکات.