سلێمانی
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندێكی باڵای ئەمریكا بە سەرۆكایەتی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا برێت ماكۆك و ئەندامێتی باڵێۆزی ئەمریكا لە بەغدا و كونسوڵی ئەو وڵاتە لە هەولێر گەیشتنە شاری سلێمانی.
شاندەکە سەرەتا سەردانی ماڵی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆسرەت رەسوڵ-یان کرد و لەگەڵ ئەو بەرپرسەی یەكێتی و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبوونەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نووسینگەی رۆژنامەوانی كۆسرەت رەسوڵ كە وێنەیەكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ناردووە، تێیدا هاتووە: "لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا جەختیان لەسەر هاوپەیمانێتی یەكتر كردەوە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا، لەوبارەیەوە كۆسرەت رەسوڵ گوتی ئەوە سەلمێنراوە كە گەلی كورد لە كوردستاندا تاكە هێزی كاریگەری رووبەڕوو بوونەوەی تیرۆرە لە ناوچەكەدا و توانیویەتی بە هاوكاری و یارمەتی هاوپەیمانان رێگە لە پەرەسەندن و فراوانخوازی تیرۆر بگرێت بۆیە پێویستە هاوكارییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان زیاتر بكرێت".
لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا باس لە هێرش و پێكدادانەكانی نێوان توركیا و چەكدارانی پەكەكە كراوە و جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی داوایكردووە بە زووترین كات بۆردومانەكان رابگیرێت و داواشی لە هەردوولا كردووە بۆ كۆتاییهێنان بەو شەڕە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتگۆ و پڕۆسەی ئاشتی لە توركیادا دەست پێ بكەنەوە.
لەبارەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیشەوە كۆسرەت رەسوڵ گوتی: "ئێمە وەكو یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەرەتای قەیرانەكەوە لەگەڵ ئەوەدا بووین بە گفتوگۆ و دانوستاندن و لە رێگەی سازانێكی نیشتمانییەوە ئەو پرسە چارەسەر بكرێت و ئێستاش بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ئەو مەترسییانەی روویان لە كوردستان كردووە لەگەڵ ئەوەداین لەم ماوە كورتەی كە ماوە بەشێوەیەكی دیموكراسییانە و لە رێگەی سازانەوە سەرجەم حزب و لایەنەكان بگەنە چارەسەرێكی گونجاو و كۆتایی بەو قەیرانە بهێنرێت".
لای خۆیانەوە شاندەكەی ئەمریكا جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەمریكا لەگەڵ سازان و چارەسەری سەرجەم پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردن و هەروەها بەڵێنی هاوكاری و یارمەتییەكانی ئەمریكایان دووپاتكردەوە بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستاندا.
دواتر شاندەکە سەردانی مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕانی كرد، لەگەڵ رێكخەری گشتی بزووتنەوەكە نەوشیروان مستەفا و ژمارەیەك لە بەرپرسانی تری ئەو حزبە کۆبوونەوە. دەگوترێ تەوەری سەرکی کۆبوونەوەکە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بووە.
سەردانی وەفدەكەی ئەمریكا لەكاتێكدا ویلایەتی سەرۆكایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی تەنها 12 رۆژی ماوە و لە 20ی ئەم مانگە بە كۆتا دێت.
بۆ ئەو مەبەستەش لایەنە سیاسییەكان لە كۆبونەوە و هەوڵی بەردەومدان بۆ گەیشتنە رێكەوتن و خاڵی هاوبەش لەسەر ئەو پرسە.
پێشتر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی توركیا و وەفدێكی باڵای ئێرانی بۆ هەمان مەبەست سەردانی شاری سلێمانییان كردو لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو لایەنەكە كۆبوونەوە.