Ramal Mahmood
16 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2016
ئەنقەرە - AA
نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما لە ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش، برێت مەکگۆرک جیاواز لە لێدوانەکانی پێشووتر، دانی بەوە دانا کە چەکدارانی پەیەدە/پەکەکە لە منبج-ن.
مەکگۆرک لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئاماژەی بەوە داوە کە چەکدارانی پەیەدە/پەکەکە لەناو شارۆچکەی منبج-ن کە دەکەوێتە رۆژئاوای رووباری فورات. بانگەشەی ئەوەشی کردووە کە چەکدارانی پەیەدە/پەکەکە "مەشق و راهێنان" بە چەکدارە خۆجێیەکان دەکەن و دواتر دەگەڕێنەوە بەشی رۆژهەڵاتی فورات. ئاماژەی بەوەش دا کە ئامانج لە مەشق و راهێنانی یەپەگە کە باڵی سەربازی پەیەدە/پەکەکە-یە، پاراستنی ئەو ناوچەیەیە کە لەداعش پاکیان کردووەتەوە.
نوێنەرەکەی ئۆباما هەروەها پەیامی ئەوەیشی بڵاوکردەوە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات بەردەوامن لە پێشڕەوییەکانیان بۆ گەمارۆدانی بنکە و بارەگاکانی داعش لە شاری رەققە.
پەیەدە/پەکەکە بەمەبەستی فراوانخوازی لەسەر حیسابی خاکی سووریا ناوی سوپای سووریای دیموکرات بەکار دەهێنێت.
زۆربەی فەرماندە و چەکدارانی سوپای سووریای دیموکرات لە چەکدارانی پەیەدە/پەکەکە پێک دێن.
شایانی باسە، پێشتر گەورە بەرپرسانی ئەمریکا لە لێدوانەکانیاندا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد لە چەکدارانی پەیەدە/پەکەکە لە منبج چوونەتە دەرەوە و گەڕاونەتەوە رۆژهەڵاتی رووباری فورات.
لەبەرامبەر ئەمەدا یەکەکانی هەواڵگری تورکیا بەردەوامی مانەوەی پەیەدە/پەکەکەی کردبووە راپۆرت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مارک تۆنەر لە حەوتی ئەیلوول و ٢٧ی ئەیلوولدا هەروەها ماڵپەڕی فەرمی هەمان وەزارەت بانگەشەی ئەوەیان کردبوو کە ئەو رێکخراوە پەیمانی خۆی هێناوەتە جێ و پاشەکشەیان کردووە بۆ رۆژهەڵاتی رووباری فورات.