Mümin Altaş,Ferdi Türkten
22 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 23 نیسان 2021
ئەنقەرە- AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "لە چوارچێوەی پلانەکانماندا، لەنێوان ساڵانی ٢٠١٢-٢٠٣٠ رێگریی لە ھەڵمژینی ملیارێک و ٩٢٠ ملیۆن تۆن گازی ژێر سوور دەکرێت".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆشکی چانکایا-وە بەشێوەی راستەوخۆ بەشداریی لە لووتکەی سەرکردەکان لەبارەی ژینگەدا کرد و گوتارێکی پێشکەشکرد. سەرەتاش سوپاسی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن-ی کرد بۆ سازکردنی چالاکییەکە و بۆ بانگێشتکردنی.
ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا رایگەیاند: "ئەرکی ویژدانیی و رەوشتیی ھەموومانە ئەو زەوییەی کە وەک سپاردە پێمان دراوە بە شێوەیەک کە شوێنێکی باشتر بێت بۆ ژیان، بۆ نەوەکانی داھاتوو جێبھێڵین. گۆڕانی کەشوھەوا نەک تەنھا ئەو وڵاتانەی کە پشکی شێریان لە پیسکردنی جیھان بەردەکەوێت بەڵکو کاریگەریی لەسەر سەرجەم مرۆڤایەتی ھەیە لەسەروویانەوە وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا".
گوتیشی: "وەک تورکیا ئێمەیش لەنێو ئەو وڵاتانەداین کە ئەم کاریگەرییە نەرێنییانەی کەوتووەتەسەر. بە مەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا، ھەوڵی چڕ دەدەین".
سەرکۆماری تورکیا لەبارەی کارەکانی وڵاتەکەی لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوھەوادا رایگەیاند: "وەبەرھێنانی جددیی دەکەین لەپێناو زیادکردنی رووبەری دارستان و ژمارەی درەخت لە وڵاتەکەمان، پەرەدان بە فرەیی بایۆلۆژی و پارێزگارییکردن لە ژینگە".
گوتیشی: "بەوشێوەیەش لە ماوەی ١٨ ساڵی رابردوودا، پێنج ملیار و ١٠٠ ملیۆن نەماممان چاندووە و رووبەری دارستانمان لە وڵاتەکەماندا لە ٢٠،٨ ملیۆن ھێکتارەوە بۆ ٢٣ ملیۆن ھێکتار زیادکردووە. پلانی کار و ستراتیژی گۆڕان لە کەشوھەوای نیشتمانیی و پلانی کار و ستراتیژی گونجان لەگەڵ گۆڕانی کەشوھەوا بۆ ساڵی ٢٠٣٠ کە نەخشەرێگای بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوھەوا پێکدەھێنن، لەچوارچێوەی ئامانجەکانی ٢٠٥٠دا نوێدەکەینەوە".
ھەروەھا رایگەیاند: "لەچوارچێوەی بەیاننامەی رۆڵی نیشتمانییدا کە لە ساڵی ٢٠١٥دا پێشکەشمان کردووە، چاوەڕوانین تا ساڵی ٢٠٣٠ رێژەی ھەڵمژینی گازەکانی ژێر سوور تا لەسەدا ٢١ دابەزێت. ھەر بەپێی بەیاننامەکە، لەنێوان ساڵانی ٢٠١٢-٢٠٣٠ رێگریی لە ھەڵمژینی ملیارێک و ٩٢٠ ملیۆن تۆن گازی ژێر سوور دەکرێت".
سەبارەت بە وزەی نوێبووەوە و پێگهی وڵاتهكهی، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "تورکیا لە وزەی نوێبووەوەدا لە پێگەی وڵاتی رابەردایە لە ناوچەکەدا. لە ئێستادا لە دامەزراوەکانی ھێزی کارەبادا، پشکی سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە لە سەدا ٥٢،٣یە. بەو رێژەیەش لەسەر ئاستی ئەورووپا لە ریزبەندیی شەش و لەسەر ئاستی جیھان لە ریزبەندیی ١٣ھەمینداین. لە ھێزی وێستگەی ھایدرۆکارەباییدا، لەسەر ئاستی ئەورووپا لە ریزبەندیی دووەم و لەسەر ئاستی جیھان لە ریزبەندیی نۆیەمداین. تا ساڵی ٢٠٣٠ لە بەرھەمھێنانی کارەبادا، لە وزەی خۆر بە بڕی ١٠ گێگاوات و لە وزەی با بە بڕی ١٦ گێگاوات، سوود وەردەگرین".
گوتیشی: "لە سایەی ئەو ھەنگاوانەی کە سەبارەت بە سوودبەخشیی وزە دەیھاوێژین، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ئامانجمانە ٦٦،٦ ملیۆن تۆن ھەڵمژینی گازی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن، کەمبکەینەوە. لەرێگەی پرۆژەی سفر پاشەڕۆ کە بە رابەرایەتی ھاوسەرەکەم دەستیپێکراوە، رێژەی دووبارە سوودوەرگرتنەوە لە پاشەڕۆکان لە ساڵی ٢٠٣٥دا دەگەیەنینە لەسەدا ٦٠".