Muhammet Nazım Taşcı
22 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 23 نیسان 2021
ئیسلام ئاباد - AA
لە ناو پارکێکی وەستانی ئۆتۆمبێلی هۆتێلێکدا لە شاری کیتا لە ویلایەتی بەلوجستانی پاکستان تەقینەوەیەک روویدا، بەپێی ئامارە بەراییەکان چوار کەس کە یەکێکیان پۆلیسە گیانیان لەدەستداوە و، ١٢ کەسی دیکەش برینداربوون.
بەرپرسانی ئەمنیی شارەکە، ئاماژەیان بەوە کرد کە بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان تەقینەوەکە لە رێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجامدراوە.
لەو تەقینەوەیەدا چوار کەس کە یەکێکیان پۆلیسە گیانیان لەدەستداوە و، ١٢ کەسی دیکەش برینداربوون و، لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
لە کاتێکدا زۆرێک لە ئۆتۆمبێلەکانی ناو پارکەکە زیانیان بەرکەوتووە، زیانێکی زۆریش بەر هۆتێلەکە گەیشتووە.
وەزیری ناوخۆی پاکستان، راشید ئەحمەد لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان باسی لەوە کرد کە باڵیۆزی چین لە ئیسلام ئاباد، نۆنگ رۆنگ و دیپلۆماتکارانی چینی لە هۆتێلەکەدا ماونەتەوە، بەڵام لە کاتی تەقینەوەکەدا لەوێ نەبوون.
ئەحمەد باسی لەوە کرد کە دوژمنانی پاکستان ناخوازن پاکستانێکی ئاشتیی خواز و پێشکەوتوو ببینن.
گوتەبێژی ویلایەتی بەلوجستان، لیاقات شێهڤانی، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوە کردەیەکی تیرۆریستییە و، رایگەیاند: ''لە پشت تەقینەوەکەی ئەمڕۆوە دوژمنانی پاکستان هەن''.
لە لایەکی دیکەوە، پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کە لەگەڵ شاندی وەقفی کاروباری ئایینی تورکیا سەردانی شارەکەی کردووە بۆ چالاکی هاوکاری رەمەزان، لە کاتی تەقینەوەکەدا لە هۆتێلەکەدا بوو.
ئەندامانی شاندەکە کە لە کاتی تەقینەوەکەدا لە ژوورەکانیان بوون، هیچ کامیان زیانیان بەرنەکەوت بەڵام پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، رەجەب بیلەک بە سووکی دەستی برینداربوو.