Ethem Emre Özcan,Arif Konak
30 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 01 کانوونی یەکەم 2021
ئه‌نقه‌ره - AA
عه‌بدولڕه‌زاق ریدوش كه گه‌نجێكی ته‌مه‌ن ٢٣ ساڵه و خه‌ڵكی ئیدلبه له كاتێكدا هێشتا له‌نێو لانكه‌دا بووه ماڵیان ئاگری تێبه‌ربووه و به‌هۆیه‌وه ده‌موچاو و ده‌ستی سووتاوه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ژیانه‌ی ماویه‌تی هه‌ست به په‌راوێزخستن نه‌كات هانای بۆ توركیا هێناوه و به هیوای چارهسهركردنهوه ده‌ژی.
ریدوش هه‌ر له كۆرپه‌ییدا بوو كه به‌هۆی گڕگرتنی سۆبای ماڵه‌وه‌یان ژیانی لێ تێكچوو. ئه‌و به‌هۆی ئه‌وه‌ی له یه‌كه‌م رۆژی چوونی بۆ قوتابخانه له‌لایه‌ن مامۆستاكه‌یه‌وه منداڵه‌كانی دیكه‌ی پێ ترسێندراون، جارێكی دیكه رووی له قوتابخانه نه‌كردووه‌ته‌وه.
عه‌بدولڕه‌زاق ریدوش له‌و رۆژه‌وه وا بیری ده‌كرده‌وه كه خه‌ڵك له‌و ده‌ترسێت و بێ‌زیان لێی هه‌ڵده‌ستێت و به‌م جۆره له خه‌ڵك دابڕا و زۆربه‌ی كاته‌كانی ژیانی له ماڵه‌وه به‌سه‌ر ده‌برد و له‌گه‌ڵ تاریكبوونی ئاسماندا ده‌یتوانی بچێته ده‌ره‌وه.
به‌هۆی نه‌بوونی توانای ته‌ندروستی وه‌ك پێویست، ریدوش له سووریا هیچ جۆره چاره‌سه‌رییه‌كی بۆ نه‌كرا.
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی جه‌نگی ناوخۆی سووریا له ٢٠١١ ئازاره‌كانی ریدوش هێنده‌ی دیكه زیاتر بوون و به‌هۆی هێرشه‌كانی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌ده‌وه ناچار بوو له ٢٠١٨ ماڵه‌كه‌ی خۆی جێ بهێڵێت له گونده‌واری رۆژهه‌ڵاتی ئیدلب.
ئه‌م گه‌نجه سووریه بۆ رزگاربوون له كێشه ته‌ندروستی و ده‌روونییه‌كان له ٢٠١٩ به هیوای چاره‌سه‌ری رووی كردووه‌ته توركیا.
ئه‌م گه‌نجه كه له رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌دا ده‌موچاوی سووتاوه و ده‌ستی راستی له‌كار كه‌وتووه، ٢٢ ساڵه چاوه‌كانی داناخات و ناتوانێت وه‌ك پێویست بنوێت و به‌م هۆیه‌وه كێشه‌ی وشكبوونه‌وه‌ی چاو و بینینی هه‌یه.
ئه‌م گه‌نجه كه دوور له خانه‌واده‌كه‌ی و له ئه‌نقه‌ره ده‌ژی، به هاوكاری خێرۆمه‌ندان و كۆكردنه‌وه‌ی پلاستیك له زبڵدانه‌كان بژێوی ژیانی دابین ده‌كات.
تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو چووه ئه‌و ماڵه‌ی گه‌نجه‌كه‌ی تیادا ده‌ژی و له‌گه‌ڵی دوا و گوتی: "به‌هۆی ئاگرگرتنی سۆباكهوه كه‌س تۆمه‌تبار ناكه‌م. به‌هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌وه ده‌موچاو و ده‌سته‌كانم سووتان. له كاتی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌دا ته‌نها من له ماڵه‌وه بووم. دكتۆر گوتبووی ته‌نها ده‌توانێت دوای ته‌مه‌نی پێنج ساڵی نه‌شته‌رگه‌ریم بۆ بكات. به‌ڵام سووریا له رووی پزیشكییه‌وه زۆر پێشكه‌وتوو نه‌بوو. چاره‌سه‌ریم بۆ نه‌كرا. نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری زۆر گرانبه‌ها بوو و له توانای ئێمه‌دا نه‌بوو. به‌و هیوایه‌م لێره ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكه‌م".
ناوبراو گوتیشی: "ته‌نها یه‌ك رۆژ چوومه قوتابخانه. نامه‌وێت چیدیكه به جیاواز ببینرێم. نامه‌وێت كه‌س به چاوی به‌زه‌یی پێداهاتنه‌وه سه‌یرم بكات. شه‌وانه هه‌ر بیرله‌وه ده‌كه‌مه‌وه داخۆ چۆن چۆنی چاره‌سه‌ر ده‌كرێم. بشنووم ناتوانم چاوه‌كانم دابخه‌م و هه‌ر به كراوه‌یی ده‌مێننه‌وه. هه‌ندێك جار له‌نێو زبڵدا پلاستیك كۆ ده‌كه‌ینه‌وه. به‌ڵام داهاته‌كه‌ی زۆر كه‌مه، رۆژی ١٠ لیره‌یه‌ك ده‌كه‌وێت".