Haydar Şahin
04 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2023
تاران – AA
لە تاران پایتەختی ئێران یادی سێیەمین ساڵی کوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی کرایەوە.
رێوڕەسمەکە لە مزگەوتی ئیمام خومەینی لە تارانی پایتەخت بە ئامادەبوونی هەریەک لە سەرکۆماری ئێران ئیبراهیم رەئیسی، فەرماندی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران حوسێن سەلامی، فەرماندەی فەیلەقی قودس ئیسماعیل قائانی، بەرپرسانی حکوومی، فەرماندە سەربازییەکان، نوێنەرانی وڵاتان، بنەماڵەی سولەیمانی و هاووڵاتییان بەڕێوەچوو.
سەرکۆماری ئێران، لە گوتارێکیدا لە میانی رێورەسمەکە ئاماژەی بەوە کرد کە یادکردنەوەی سولەیمانی بە مانای "بایەخدانە بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بێبەریبوونە لە ستەم، گوشار و ئیمپیریالیزم" دێت.
ئیبراهیم رەئیسی باسی لەوە کرد کە لەلایەکەوە دڵتەنگن بۆ لەدەستدانی سولەیمانی بەڵام لەلایەکی دیکەوە هەست بە شانازی دەکەن و گوتی: "سەرمان بەرزە. چونکە کەسێکی ئاوها تەنها بیری لە ئێران نەدەکردەوە بەڵکو بیری لە جیهان دەکردەوە".
رەئیسی جەختی لەوە کردەوە کە تۆڵەی فەرماندەکەی ئێران دەکەنەوە و گوتی: "لە بەردەم ئێوە دەیڵێم، خوێنی شەهید سولەیمانی بەفیڕۆ ناچێت. ئەمە یەکلاکراوەتەوە. بە ئاسوودە نووستن نییە، رێگە نادەین بکوژ و بەرپرسەکان بە ئاسوودەیی بنوون".
- کوشتنی قاسم سولەیمانی
لە سێی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا لە ئاکامی ھێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا، فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندس لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژران.
لە ئەنجامی هێرشەکەدا ١٠ کەس کوژران کە هەردوو فەرماندە و بەرپرسی سەربازی عێراق و ئێرانی تێدایە. سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بە بیانووی ئەوەی کە سولەیمانی هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمریکا، رایگەیاند کە فەرمانی کوشتنی سولەیمانی داوە.
دواتر ئێران لە هەشتی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا بە مووشەکی بالیستی دوو بنکەی ئەمریکای لە عێراق کردە ئامانج. لە هێرشەکەدا هیچ سەربازێکی ئەمریکی نەکوژرا، بەڵام دواتر راگەیەندرا کە لە کاتی هێرشەکاندا ١٠٩ سەرباز بریندار بوون.