Ahmet Dursun
05 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2021
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئامادەن دووبارە دەست بە دانوستانەکانی ڤییەنا بکەنەوە کە لە مانگی حوزەیراندا وەستێندرا، بەڵام بەهیچ شێوەیەک لەژێر فشاردا ئەنجامدانی هیچ دانوستانێک قبوڵ ناکەن.
ئیبراهیم رەئیسی لە میانی لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی فەرمیی حکوومەتی ئێران، باسی لە سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی کابینەی نوێی حکوومەت کرد.
سەرکۆماری ئێران ئاماژەی بەوە دا کە لە قۆناغی کابینەکانی پێشوودا متمانەی گەل بە حکوومەت لاواز بووە و گوتی: "پێویستە لەم قۆناغەدا دووبارە متمانەی گەل بەدەستبهێنینەوە، رێگای بەدەستهێنانەوەی متمانەش راستگۆییە. پێویستە هەموو پیاوانی دەوڵەت راستگۆ بن و بەڵێنەکانیان بەڕاستگۆیانە جێبەجێ بکەن، ئەگەر نەشیانتوانی هەر بەڵێنێکیان جێبەجێ بکەن، هۆکارەکەی بۆ هاووڵاتییان روون بکەنەوە".
رەئیسی جەختیشی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کردەوە و رایگەیاند "وەزیر و بەرپرسەکانی ئەم کابینەیەی حکوومەت لایەنگری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵین، چونکە مەرجمان بۆهەر پۆستێکی ئەم حکوومەتە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە. وەڵامدانەوەی هاووڵاتییان لەبەردەم کامێراکاندا تەنها ئەرکی سەرکۆمار نییە، بەڵکو ئەرکی هەموو بەرپرسانە لە هەر ئاست و پۆستێکدابن".
سەرکۆماری ئێران لە بەشێکی دیکە گوتەکانیدا داوای لەو هاووڵاتییانە کرد کە لە دەرەوەی وڵاتن، بێن لە ئێران وەبەرهێنان بکەن.
- "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە کارە لەپێشینەکانمانە"
سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی باسیشی لە پێشهاتەکانی ئەفغانستان کرد و باسی لەوەش کرد کە چارەسەری کێشەکانی ئەو وڵاتە پێویستی بە حکوومەتێکە کە بە ئیرادەی گەل هەڵبژێردرابێت.
ئیبراهیم رەئیسی ئاماژەی بەوەش دا کە وڵاتەکەی پشتگیری حکوومەتێک دەکات کە بە ئیرادەی گەلی ئەفغانستان هاتبێتە سەر دەسەڵات، جەختیشی لە گرنگی وەستاندنی پێکدادانەکانی ئەو وڵاتە کردەوە.
سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی ئەوەشی خستەڕوو کە ئاسایشی ئەفغانستان وەک ئاسایشی ئێران بەلایەوە گرنگە و گوتی: "نەک تەنها ئەفغانستان، بەڵکو ئاسایشی هەموو وڵاتانی دراوسێ، ئاسایشی ئێمەشە، چەندین جاریش ئەوەم دووپات کردووەتەوە کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە کارە لەپێشینەکانمانە".