Islam Doğru,Rahel Ali,Aoezan Khoshnaw Najmuldeen
14 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 30 ئادار 2023
نیویۆرک - AA
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن ئاماژەی بەوە کرد کە جیهان رووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگ بووەتەوە هەر لە وزەوە تا کۆچ و لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە تا جەنگی ئۆکراینا کە هەموو بەیەکدا چوون، لەبەرئەوە لەنێوان تورکیا و ئەمریکادا پێویست بە دیالۆگێکی ستراتیجیی جیۆپۆلۆتیکی فراوانتر هەیە.
ئیبراهیم کاڵن بەشداری لە کۆڕبەندی کاری ئەمریکا-تورکیادا کرد کە لە ژووری بازرگانیی ئەمریکا بەڕێوەچوو.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە سەرەتای گوتارەکەیدا، زانیاری سەبارەت بەو بوومەلەرزانە خستەڕوو کە لە پارێزگای قەهرەمانمەڕەش روویاندا و باسی لەوە کرد کە ئەو بوومەلەرزانە خراپترین بوومەلەرزەی مێژووی تورکیا و مێژووی هاوچەرخ بوون.
گوتیشی: ''ئێستا لە قۆناغی بنیاتنانەوە، ئاساییبوونەوە و باشبوونداین. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی زۆر خێرا، بەهێز وەڵامی دایەوە. ئەمریکا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی سەرەتا وەڵامیان دایەوە. خێرا تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن هاتن. سەرەتا گەلی ئەمریکا ئینجا حکوومەتی ئەمریکا، جیهانی کار، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئاگرکوژێنەوەکان و ئەوانی دیکە بەهانامانەوە هاتن، بەڕاستی سوپاسگوزارین''.
کاڵن باسی لەوە کرد کە هێشتا کارمەندانی تەندروستیی ئەمریکا لە مەیدانەکەدان و خزمەتگوزاریی تەندروستیی پێشکەش بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکان دەکەن.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا باسی لەوە کرد کە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەڵێنی داوە لە ماوەی یەک ساڵدا، ٢٠٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکات و لەئێستادا ئەوەی خەڵکی زۆر پێویستییانە هەر ئەمەیە.
لەلایەکی دیکەوە، کاڵن باسی لەوە کرد کە تەنیا سێ مانگ دوای خراپترین کارەساتی سروشتیی کە وڵاتەکەیانی گرتەوە هەڵبژاردنی گشتیی لە وڵاتدا دەکرێت و گوتی: ''بەڕای من ئەمە متمانەی ئێمە بە دیموکراسییمان و دامەزراوەکانمان و باوەڕمان بە گەلەکەمان نیشان دەدات. پێموانییە لە هیچ وڵاتێکی دیکەدا بوێری ئەوە هەبێت لە کاتێکی نزیکی دوای کارەساتێکی وەها گەورە هەڵبژاردن بکرێت''.
- "پێویستیمان بە دیالۆگێکی ستیراتیجیی جیۆپۆلەتیکی بەرفراوان هەیە"
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن ئاماژەی بەوە دا کە تورکیا و ئەمریکا پێویستییان بە دیالۆگێکی ستیراتیجیی جیۆپۆلەتیکی بەرفراوان هەیە و گوتی: "پێویستییمان بەو ستراتیجییەیە لە بارەی داهاتووی هەسارەکەمانەوە نەک تەنها لەبارەی جەنگی ئۆکراینا، وزە، ئەفغانستان، لیبیا و دۆخی دەریای ناوەڕاست و پەیوەندییەکانی نێوانمان".
ئیبراهیم کاڵن سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە لەم سەردەمەدا مەزەندەکردن و کۆنترۆڵکردنی رووداوەکان ئیدی سەخت بووە، گوتی: "چونکە هەر لە کێشەی وزە و کۆچەوە بگرە تاکوو دەگاتە تیرۆر و جەنگی ئۆکراینا ئیدی سەختییەکان تێکچڕژاونەتە ناویەکدی و هەموو شتێک کار لێک دەکات، بەم جۆرە رووداوێک لە شوێنێک لەوانەیە کاریگەری زۆر بکاتە سەر شوێنانی دیکە. بەهۆی رووداوەکانەوە سیاسەت، کار، وزە و کەرتی سایبەر بۆ ماوەیەکی کورتمەودا نا، بەڵکوو بەتەواوی گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە".
- "تاکوو هەموومان هەست بە دڵنیایی نەکەین، کەسمان دڵنیا نین"
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکایشەوە گوتی: "بە داخەوە ماوەی چەند ساڵێکە کە باس دێتە سەر هێزی تورکیا تا رادەیەک ناحەقی بەرامبەر تورکیا دەکرێت و دووچاری حوکمدانی پێشوەختە دەبێتەوە".
ئیبراهیم کاڵن ئاماژەی بەوەشدا کە دەربارەی ئەم بابەتە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆیان کردووە و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیان داوە، گوتیشی: "پێویستە نەک هەر پێگەی خۆمان لەگەڵ لایەنەکانی بەرامبەردا ئاشکرا بکەین بەڵکو بیروڕا و سیاسەتێکیش بدۆزینەوە کە ببێتە یارمەتیدەر بۆ هەموومان تا وڵاتەکەمان و جیهان بکەینە شوێنێکی ئارام. وەک هەمیشەش گوتومە، پێموایە کە تا کاتێک هەموومان لە ئاسایشدا نەبین هیچ یەکێکمان لە ئاسایشدا نین. هەربۆیە پێویستە زۆر هەوڵ بدەین".
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دەربارەی هەڵوێستی تورکیا لەسەر ئەندامێتی سوید و فینلاند لە پەیمانی ناتۆ، ئەوەی خستەڕوو کە تورکیا جەخت لە پێویستی گرتنەبەری هەنگاوی تایبەت بە رەواندنەوەی نیگەرانییە ئەمنییەکان دەکات، گوتیشی: "بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ بەستنەوەی پێدانی فڕۆکەی F-16 بەم بابەتەوە بەتەواوی نالۆجیکی و قبوڵنەکراوە".
ئیبراهیم کاڵن ئاماژەی بەوەشدا کە بەهۆی بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا و گرنگی پەیوەندییە ستراتیجییەکانیان لە چوارچێوەی ناتۆدا، چاوەڕوان دەکەن ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا سەردانی زیاتر بۆ تورکیا ئەنجام بدەن، داوای لە سەرمایەدارە ئەمریکییەکانیش کرد، قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات زیادتر بکەن.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن دەربارەی قەبارەی بازرگانی نێوان ئەمریکا و تورکیا، ئەوەی خستەڕوو کە قەبارەی ئێستای بازرگانی نێوان هەردوو وڵات ٣٥ ملیار دۆلارە، هەرچەندە لەم قەبارەیە رزاین، بەڵام خوازیارن بیگەیەننە ١٠٠ ملیار دۆلار.