İbrahim Khazen,Hamdi Yıldız,Aoezan Khoshnaw Najmuldeen
14 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2023
کوێت - AA
ئێران و کوێت، کۆبوونەوەیەکیان بۆ دیاریکردنی سنوورە دەریاییەکانی نێوانیان ئەنجام دا.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی کوێت بڵاوی کردەوە، کۆمیسیۆنی دادوەریی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات لە تارانی پایتەختی ئێران کۆبوونەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، جێگری وەزیری دەرەوەی کوێت، مەنسور عوتەیبی سەرۆکایەتی شاندی کوێت و جێگری وەزیری دەرەوە و بەرپرسی کاروباری دادوەریی و نێودەوڵەتیی ئێران، رەزا نەجەفی سەرۆکایەتی شاندی ئێرانی کردووە.
مژاری سەرەکی کۆبوونەوەکەش دیاریکردنی سنوورە دەریاییەکانی نێوان هەردوو وڵات بووە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە ئەم بابەتە بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان چارەسەر بکرێت.
لای خۆشیەوە مەنسور عوتەیبی ئەوەی خستووەتەڕوو کە لە میانی دانیشتنی سیاسیی نێوان هەردوو وڵاتدا، لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، عەلی باقری دەربارەی رێگاکانی فراوانکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دواون.
ئەم هەوڵەی تایبەت بە دیاریکردنی سنوورە دەریاییەکانی نێوان هەردوو وڵات، چەند رۆژێک دوای رێککەوتننامەی ئێران و سعوودیە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان دێت.