Ahmet Dursun
10 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 10 کانوونی دووەم 2023
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، محەمەد باقر قالیباف ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەی رابردوودا هەندێ لێکتێنەگەیشتن لەنێوان وڵاتەکەی و ئازەربایجان روویداوە، بەڵام لە ئەنجامی کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵات ئەو کێشانە نەماون.
بەپێی ئاژانسی هەواڵیی نیمچە فەرمی ئێران "تەنسیم"، محەمەد باقر قالیباف دوای ١٣مین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی ئەنجوومەنی پەرلەمانی ئاسیا کە لە ئانتاڵیا سازکرا لە فڕۆکەخانە بۆ رۆژنامەنووسان دوا و باسی لە دیدارەکانی کرد لە تورکیا.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەردانەکەی بۆ تورکیا بە ''چڕ و بەسوود'' ناوزەند کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پەرلەمانی ئاسیا کۆبوونەوەی سێقۆڵی لەنێوان سەرۆکی پەرلەمانەکانی ئێران، ئازەربایجان و تورکیا ئەنجام دراوە و بابەتەکانی گواستنەوەی وزە و ترانزێت لەنێوان هەر سێ وڵاتدا تاوتوێ کراوە.
محەمەد باقر قالیباف هەروەها باسی لەوە کرد کە لەگەڵ تورکیا و ئازەربایجان گفتوگۆیان کردووە سەبارەت بە رێگاکانی ترانزێتی باکوور-باشوور و رۆژهەڵات-رۆژئاوا و هاتووە: ''لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی و سەرکردەکان کۆبوونەوەی سێقۆڵی کراوە لەبارەی گواستنەوە، ترانزێت و بازرگانی و بڕیاردراوە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران باسی لە گرژییەکانی نێوان تاران و باکو کرد لە ماوەی رابردوودا و گوتی: ''هەندێک لێکتێنەگەیشتن کە لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ ئازەربایجان روویاندا، نەهێڵدران''.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، محەمەد باقر قالیباف باسی لەوە کرد کە لە کاتێکی نزیکدا سەردانی باکو دەکات و بڕیاردراوە بەردەوامی بە کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوو وڵات بدرێت.
- گرژیی نێوان ئێران و ئازەربایجان
لێدوانەکانی حکوومەتی ئێران لە دوای کۆتاییهاتنی داگیرکاریی ئەرمینیا لە قەرەباغ و مانۆڕە سەربازییە بەرفراوانەکانی تاران لەسەر سنوور، گرژیی لەنێوان هەردوو وڵاتدا دروست کرد. لەو ماوەیەشدا، میدیاکانی تاران و باکو وڵاتانی یەکتریان کردە ئامانج.