Betül Yürük
22 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2021
نیویۆرک - AA
لە ویلایەتی ویسکۆنسن باکووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، شۆفێرێک ئۆتۆمبێلەکەی کرد بەنێو قەرەباڵغییەکدا و بەهۆیەوە ژمارەیەک کەس گیانیان لەدەست دا و برینداربوون.
لەو دیمەنانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە لە شاری واکێشا ئۆتۆمبێلێک بەدی دەکرێت کە خۆی دەکات بەنێو قەرەباڵغییەکدا کە سەرقاڵی نمایشی کریسمسن.
لە میانی رووداوەکەدا، ترس و دڵەڕاوکێ لەناو خەڵکیدا دروست بووە و لە ئاکامی بەرکەوتنی ئۆتۆمبێلەکەشدا، ژمارەیەک کەس برینداربوون.
سەرۆکی پۆلیسی شاری واکێشا، دان سۆمپسن لە لێدوانێکیدا باسی لەوە کرد کە رووداوەکە گیانلەدەستدانی لێکەوتووەتەوە، بەڵام باس لەوە نەکراوە کە چەند کەس گیانیان لەدەستداوە.
دان سۆمپسن ئەوەشی خستەڕوو کە لە رووداوەکەدا، ٢٣ کەس کە ١٢یان منداڵن برینداربوون و تۆمەتبارێک کە گومان دەکرێت شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بێت دەستگیرکراوە.
هێشتا ناسنامەی ئەو کەسە بڵاونەکراوەتەوە کە دەستگیرکراوە.
لە دوای رووداوەکە سبەی دەوامی قوتابخانەکان لە شاری واکێشا پشوو دەبن.