Adam Abu-bashal
22 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2021
ئەبوجا - AA
بەهۆی هەڵکشانی هێرشە چەکدارییەکان لە نێجیریا، تەنیا لە هەفتەی رابردوودا، ٦٨ کەس کوژراون.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە لە راگەیاندنی نەتەوەیی ئەو وڵاتەدا بڵاوکراونەتەوە، بەهۆی کێشەی ئەمنییەوە لە رۆژانی ١٤-٢٠ی تشرینی دووەمدا لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی ئەو وڵاتە، هێرشی چەکداری ئەنجامدراوە.
لەو هێرشانەدا، ٦٨ کەس کوژراون و زیاتر لە ٤٠ کەسیش رفێندراون و ژمارەیەکی زۆر کەسی دیکەش برینداربوون.
لە لایەکی دیکەوە، سوپای نێجیریا هەفتەی رابردوو، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی دژبە رێکخراوی تیرۆریستیی بۆکۆ حەرام لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکە ئەنجامدا و ٦٧ ئەندامی رێکخراوەکەی لە چالاکی خست، هەزاران چەکداری دیکەی رێکخراوەکە خۆیان رادەستی هێزە ئەمنیەکان کردەوە.
سەرەڕای ئەنجامدانی ژمارەیەکی زۆر ئۆپەراسیۆن بۆسەر ئەو رێکخراوە لە ساڵانی رابردوودا، بەڵام هێشتا رێکخراوەکە لە نێجیریا کە هەژموونێکی بەرچاوی هەیە، بووەتە کێشەی جددی ئەمنیی بۆ ئەو وڵاتە.
رێکخراوی تیرۆریستیی بۆکۆ حەرام لە ساڵی ٢٠٠٠ لە نێجیریا سەری هەڵدا و بەهۆی پەلامارەکانی رێکخراوەکەوە لە ساڵی ٢٠٠٩وە تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس کوژراون.
لە ساڵی ٢٠١٥وە بۆکۆ حەرام چالاکییەکانی بردووەتە وڵاتانی دراوسێی نێجیریا وەک کامیرون، چاد و نیجەر و دیارترین پەلاماریشی هێرشکردنە سەر دەورووبەری دەریاچەی چاد بوو کە تیایدا زیاتر لە دوو هەزار کەس کوژران.