Muhammed Bilal Kenasari,Ramal Abdullah Mahmood
11 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2018
واشنتۆن – AA
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانی قوڵی خۆی لە تەشەنەسەندنی گرژییەکان لەسەر سنووری ئیسرائیل دەربڕی و پشتیوانی بەهێزیشی بۆ سەروەری و پاراستنی مافەکانی ئەو وڵاتە دەربڕی.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هێزەر ناوێرت رایگەیاند "ئەمریکا بە قوڵی نیگەرانە لە تەشەنەسەندنی گرژییەکان لەسەر سنووری ئیسرائیل، هەروەها بە شێوەیەکی بەهێز پشتیوانی ئیسرائیل دەکات بۆ سەروەری و پاراستنی مافەکانی".
لە راگەیەنراوێکی هێزەر ناوێرت-دا هاتووە "زیادبوونی هەڕەشەکانی ئێران و بڵاوکردنەوەی پڕۆژەی هێز و هەژموونی خۆی لە یەمەنەوە تاکو لوبنان هەموو خەڵکی خستۆتە مەترسییەوە. ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پێشگرتن لە هەوڵ و جموجۆڵەکانی ئێران لە ناوچەکە کە هەڕەشە لە سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکە دەکەن".
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەر بە ئێران کە لە سووریاوە فڕی بوو لە میانی پێشێلکردنی کایەی ئاسمانی ئیسرائیل خراوەتە خوارەوە و لە بەرپەرچدانەوەی ئەمەشدا، هێرشی ئاسمانی کردۆتە سەر ئامانجەکانی ئێران لە سووریا.
سوپای ئیسرائیل رایشیگەیاندبوو لە کاتێکدا فڕۆکە جەنگییەکانیان هێرشی ئاسمانیان کردبووە سەر "ئامانجەکانی ئێران" لە سووریا کراونەتە ئامانجی چەکی فڕۆکەشکێن و بەهۆیەوە فڕۆکەیەکی جۆری ئێف ١٦یان لێ خراوەتە خوارەوە.