Ramal Abdullah Mahmood
26 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 27 ئاب 2017
نیویۆرک – AA
گەردەلوولی هارڤەی کە کاریگەری کردووەتە سەر بەشی باشووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خێراییەکەی لە کاتژمێرێکدا گەیشتە ٢١٠ کیلۆمەتر و بەمەش ئاستی چوارەمی پۆلینبەندی تۆمار کرد.
ئەو توندەبایەی لە کەنداوی مەکسیکەوە هەڵیکرد لە ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمریکا بوو بە گەردەلوول و توندییەکەی زیادی کرد.
لە چوارشەممەی رابردووەوە ئامادەکارییەکان بەردەوامن بەرامبەر گەردەلوولی هارڤەی، لەو شوێنانەش کە کەوتنە بەر گەردەلوولەکە خەڵک ئاو و خۆراکی کەڵەکەکردووە.
لە ٣٠ ناوچەی کارگێڕی تیکساس و سەرانسەری ویلایەتی لۆویسیانا لە شەوی هەینییەوە باری نائاسایی راگەیەندراوە.
فەرمانیش دراوە بەندەرەکانی هۆوستۆن، تیکساس ستی، گالڤەستۆن، فریپۆرت و کۆرپوس دابخرێن.
لە ئێستاوە بەهۆی گەردەلوولەوە تەزووی کارەبای ماڵی ٣١ هەزار هاووڵاتی پچڕاوە و گەشتە ئاسمانییەکانیش هەڵوەشێنراونەتەوە. بەمهۆیەوە لە قوتابخانەکان کراوەتە پشوو و ئەو کۆنسێرت و پێشبڕکێی یاریانەی پێشتر بەرنامەیان بۆ دانرابوو دواخران.
کەشناسان وای بۆ دەچن کە ئەو گەردەلوولە هەڕەشەیە بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان و ترسی ئەوەیشیان هەیە زەرەر و زیانی زۆری لێبکەوێتەوە.
فەرمانڕەوای ویلایەتی تیکساس، گریگ ئەبۆت هۆشداری داوە لەوەی کە لەوانەیە هارڤەی ببێتە هۆی کارەساتی گەورە و گیانلەدەستدان، داوایشی لە هاووڵاتییان کردووە تا پێیان دەکرێت خۆیان بپارێزن و لە ناوچەی کارەساتەکە دووربکەونەوە.
پەیوەندیدار بەوەوە، ناوبراو پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاند کە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و بەڕێوەبەری دەستەی کارگێڕی باری لەناکاو، برۆک لۆنگ لەبارەی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و ئامادەکارییەکان بەرامبەر گەردەلوولەکە کۆبووەتەوە.
ئەبۆت لە نووسراوێکدا داوای لە ترەمپ کردووە لەو ناوچانەی دەکەونە ژێر کاریگەری گەردەلوولەکە بە "ناوچەی مەترسیدار" رابگەیەنێت.