Ali Cura
30 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 30 مای,س 2023
مۆسکۆ – AA
بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرش کرایە سەر مۆسکۆی پایتەختی رووسیا و ناوچە نیشتەجێبوونەکانی دەوروبەری.
سەرۆکی شارەوانیی مۆسکو، سێرگی سۆبیانین لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوی کردەوە لە ئاکامی ئەو هێرشەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کرایە سەر مۆسکۆ و دەوروبەری، زیانێکی کەم بە ژمارەیەک باڵەخانە گەیشتووە.
سێرگی سۆبیانین سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە تیمە پەیوەندیدارەکان دەست بەجێ گەیشتوونەتە ناوچەی زیانبەرکەوتووەکان و نووسیوویەتی: "تا ئێستا کەس بە سەختی بریندار نەبووە، تکایە تەنها متمانە بە سەرچاوە فەرمییەکان بکەن و زانیاری پشتڕاست نەکراوە بڵاو مەکەنەوە".

لای خۆیشیەوە فەرمانڕەوای ناوچەی مۆسکۆ، ئاندرێ ڤۆرۆبیێڤ لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بە ئاماژەدان بەوەی کە دەنگی ئەو تەقەیەی لە ناوچەکان دەبیسترێت هیی سیستەمی بەرگریی ئاسمانییە، نووسیوویەتی: "ژمارەیەک فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە کاتێکدا لە مۆسکۆ نزیک دەبوونەوە خرانە خوارەوە. داوا لە هاووڵاتییان دەکەم نەشڵەژێن، تیمە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئەرکەکانیانن. ئاگادارتان دەکەینەوە لە هەر شتێک روو بدات".

ئاژانسە هەواڵییەکانی رووسیا بڵاویان کردبوویەوە، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوونیان لە دوو شەقامی جیاوازی مۆسکۆ بە ئامانج گرتووە و لە ئاکامی هێرشەکانیشدا کەس بریندار نەبووە و گیانی لەدەست نەداوە.
ئاماژە بەوە نەدراوە کە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان لە کوێوە هاتوون.

ژمارەیەک لە سەرچاوەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، ژمارەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان ٢٥ بوون و زۆربەیان لە رێگای سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە خراونەتە خوارەوە، باس لەوەیش دەکرێت کە ژمارەیەک لەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە چەکیان هەبووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دیمەنی ژمارەیەک فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بڵاو کراونەتەوە کە لە ئاسمانی ناوچەی مۆسکۆ دەبیندرێن و بە ئامانج دەگیرێن.
