Emre Aytekin
12 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 12 نیسان 2023
پەکین - AA
وەزارەتی بەرگریی تایوان رایگەیاند لەو کاتەوەی مانۆڕە سەربازییەکەی سوپای چین تەواو بووە لە ئێوارەی دوێنێوە تاکوو بەیانی ئەمڕۆ، ٣٥ فڕۆکەی سەربازیی و هەشت کەشتی جەنگیی چین لە دەوروبەری دوورگەکەدا بینراون.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی تایوان بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە لەو ٣٥ فڕۆکەیە ١٥یان چوونەتە ئەو ناوچەیەی کە تایوان وەک "کایەی دانپیاندراوی بەرگریی ئاسمانی" خۆی دەیبینێت و بەرەی رۆژھەڵاتی ھێڵی دەریایی و ئاسمانی کە وەک سنووردارکردنی ناوچەی قەڵەمڕەوی لایەنەکان لە گەرووی تایواندا دانی پیادا نراوە، فڕیوون.
پێنج فڕۆکەی جەنگیی جۆری "SU-30"، چوار فڕۆکەی جەنگیی جۆری"J-10" و هەروەها فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی جۆری ile "BZK-005" بە "هێڵی ناوەڕاست"ی گەرووی تایواندا تێپەڕیوون، فڕۆکەی هۆشداری پێشوەختەی جۆری "KJ-200" بەسەر بەشی باشووری "کایەی دانپیاندراوی بەرگریی ئاسمانی"دا فڕیوون.
دەورییەی فڕۆکە و کەشتییەکانی چین لە دەوروبەری دوورگەی تایوان دوای ئەو مانۆڕە سەربازییەی چین دێت کە دوای سەردانی سەرۆکی تایوان، تسای ئینگ وێن بۆ ئەمریکای ناوەڕاست و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی پێ کردووە.
فەرماندەیی بەرەی رۆژهەڵات لە سوپای چین کە ئەو ناوچەیەیش دەگرێتەخۆ تایوان بەشێکە لێی لە هەشتی نیسان مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەشی راگەیاند کە هێزە وشکانی، ئاسمانی، دەریایی و مووشەکهاوێژەکانی چین بەشداری تیادا دەکەن.
مانۆڕە سەربازییەکە سێ رۆژ بەردەوام بوو و لە هەشتی نیساندا، ٧١ فڕۆکە و نۆ کەشتی و لە نۆی نیساندا، ٧٠ فڕۆکە و ١١ کەشتی و لە ١٠ی نیسانیشدا، ٩١ فڕۆکە و ١٢ کەشتیی چین لە دەوروبەری دوورگەکە بیندران.
دوای سەردانەکەی سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، نانسی پیلۆسی بۆ تایوان لە ئابی ٢٠٢٢دا، چین چالاکی دەورییەی سەربازیی لە دەوری دوورگەی تایوان ئەنجام دا.
چین کە دوورگەکە بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، جەخت لەسەر بنەمای تەنیا چین دەکاتەوە و دژی ئەوەیە تایوان پەیوەندی راستەوخۆی دیپلۆماسیی لەگەڵ وڵاتانی جیهان دروست بکات و لە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نوێنەرایەتی هەبێت، مەرجی ئەوەش لەسەر وڵاتان دادەنێت کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ تایوان بپچڕێنن.