واشنتۆن
ئۆباما بەبۆنەی هاتنی رەمەزانەوە لە کۆشکی سپی خوانی بەربانگی سازکرد.
لەو ئێوارە خوانەدا هەریەک لە نوێنەرانی کۆمەڵگەی موسڵمانی ئەمریکا، ئەندامانی موسڵمانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا ئاندرێ کارسن، کەیت ئێڵیسن و ئەو کچە موسڵمانەی بەهۆی لەچکەکەیەوە لە کۆگای فرۆشتنی جل "ئامبەرکرۆمبی و فیچ" لە کار وەرنەگیرا سامانسا ئێڵاوف و زۆرێک لە نوێنەرانی دیپلۆماسی وڵاتانی موسڵمان لەنێو ئەوانەشدا سەردار کڵچی باڵیۆزی تورکیا بەشدارییان کرد.
ئۆباما لە گوتەیەکدا باسی لە گرنگی رەمەزان کرد بۆ موسڵمانان و ئاماژەی بەوەکرد رەمەزان پێویستی بە "فیداکاری، دیسیپلین و ئارامگرتنە" و جەختی لەوە کردەوە قورئان ئەوەی فێرکردوون کە پێویستە مرۆڤەکان لەسەر زەوی بە ئاگادارییەوە هەڵسوکەوت بکەن و گوتی: "بیروباوەڕمان هەرچییەک بێت ئێمە هەر یەک خێزانین".
ئۆباما ئاماژەی بەوەکرد کاتێک بەها نیشتمانییەکانیان دەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە ئەوان وەک گەلی ئەمریکا یەکدەگرن و ئەو رووداوانەی وەبیرهێنایەوە کە لە مانگەکانی رابردوودا لە کارۆلاینای باکوور سێ گەنجی موسڵمانی تێدا کوژران و هەفتەی پێشوو لە شاری چارلستنی سەر بە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور هێرشێکی خوێناوی کرایە سەر کڵێسایەکی مێژوویی.
ئۆباما گوتی: "لەسەرەتاکانی ئەمساڵدا کاتێک سێ گەنجی ئەمریکی بەشێوەیەکی دڕندانە لە چاپڵ هیڵ کوژران، ئەمریکییەکان لە هەموو بیروباوەڕەکانەوە هاوسۆز بوون لەگەڵیاندا. ئەمشەویش نزاکانمان بۆ کڵێسای چارلستۆن و مەزەر ئیمانوێل (دایە ئیمانوێل)ە. وەک ئەمریکییەکان ئەوە بە پێویست دەزانین و سوورین لەسەری کە نابێت کەس بەهۆی ئەوەی کێیە، لە چی دەچێت، کێی خۆشدەوێت و چۆن خواپەرستی دەکات، بکرێتە ئامانج. بەهەموو شێوەیەک دژی ئەو چالاکییانە دەوەستینەوە کە دەبنە هۆی درووستبوونی رق و کینە".
سەرۆک ئۆباما گوتیشی : "پێکەوە دەتوانین بەسەر نەبوونی زانیاری و بڕیاردانی پێشوەختدا زاڵبین" و پیرۆزبایی لە سامانسا ئێڵاوف کرد بۆ ئەو ئازایەتییەی کە بەهۆی لەچکەکەیەوە لە کۆگای فرۆشتنی جل "ئامبەرکرۆمبی و فیچ" لە کار وەرنەگیرا و دواتر دادگای باڵای ئەمریکا بڕیاری لەبەرژەوەندی ئەو دا.