Mustafa Deveci
11 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 11 ئەیلوول 2022
خارکێڤ- AA
رێگە بە چوونی میدیاکاران و رۆژنامەوانان بۆ گوندی گراکۆڤ درا کە دەکەوێتە ناوچەی خارکێڤ و بەر لە دوو رۆژ لەلایەن سوپای ئۆکراینا کۆنترۆڵکرایەوە.
لە گوندەکەدا کە سیمای دڕندانەی جەنگی بەقوڵی تێدا بەدی دەکرێت، تەرمی دوو هاووڵاتیی سڤیل دۆزرایەوە کە دەگوترێت لەلایەن هێزەکانی رووسیاوه کوژراون و بەخاک سپێردراون.
پێشڕەوی هیزەکانی ئۆکراینا لە ناوچەی خارکێڤ کە لە ٥ی ئەیلوولەوە دەستیان بە هێرشکردنە سەر هێزەکانی رووسیا کردووە، بەردەوامە.
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی کۆنترۆڵکردنەوەی زیاتر لە ٣٠ ناوچەی نیشتەجێبوونی لە ناوچەکە راگەیاند.
پۆلیسی ئۆکراینا، رێگەی بە چوونی میدیاکاران و رۆژنامەوانان بۆ گوندی گراکۆڤ دا کە لە ٢٥ی شوباتەوە کەوتبووە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی رووسیاوە.
بەر لە گەیشتن بە گوندەکەش دەتوانرێت شوێنەواری پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی ئۆکراینا و رووسیا لە ناوچەکەدا ببینرێت. پاشماوەی چەندین ئۆتۆمبێلی مەدەنی و سەربازیی لە کەناری رێگاکاندا دەبینرێت.
ژمارەیەکی زۆر خانوو لە گوندەکەدا بەهۆی کاریگەریی پێکدادانەکانەوە زیانی بەرکەوتووە. کڵێسای گوندەکە یەکێکی دیکەیە لەو شوێنانەی کە کرابووە مەیدانی ململانێکان. شوێنەواری فیشەک و گوللە تۆپەکان کە لەسەر دیوارەکانی کڵێساکە بەجێماوە، بووەتە جێگەی سەرنج.
لە گوندەکەدا ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سەربازیی سەربە هێزەکانی رووسیا بەجێماون کە زۆربەیان هێمای "Z"یان لەسەرە.
- دوو تەرم دۆزرانەوە
تیمهكانی پۆلیس و لێکۆڵینەوە لە تاوانەکان دوای ئەوەی هەواڵی ئەوەیان پێگەیشت کە دوو کەس لە گوندەکەدا دوای ئەوەی لەلایەن هێزەکانی رووسیا کوژراون لە باخچەی یەکێک لە خانووەکاندا لەژێرخاک نراون، کارەکانی ههڵكۆڵینیان لە شوێنی رووداوەکە دەستپێکرد.
دوای هەڵکۆڵینەکە تەرمی دوو کەسەکە دۆزرایەوە کە تا ئێستا ناسنامەیان نەزانراوە.
دانیشتوانی گوندەکە، سێرگی لوتسای بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێزەکانی رووسیا بە زەبر و هەڕەشەلێکردن تەرمەکانیان پێناشتوون، ههروهها باسی لەو رووداوانە بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کرد کە بەسەریاندا هاتووە.
سێرگی لوتسای ئاماژەی بەوە دا لە مانگی ئادارەوە گوندەکەیان کەوتبووە دەست هێزەکانی رووسیا و گوتی: "ئەوان بە چەکەوە بەسەر گوندەکەیاندا دا، هەڕەشەیان لێکردین. گوتیان 'با گۆڕێک هەڵبکەنین'، نەمتوانی بڵێم 'نەخێر'، چونکە هەڕەشەم لێکرا، دایک و باوکم لەوێ دەژین، کاتێک چووم دوو تەرمەکەم بینی".
لوتسای ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کەسانەی کوژرابوون خەڵکی گوندەکە نەبوون و نەیناسیون.
- "شوێنی فیشەک بەسەر لاشەیانەوە بوو و گوێچکەکانیان بڕدرابوون"
دوای لێکۆڵینەوەکان، بەرپرسی بەشی لێکۆڵینەوە لە بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی ناوچەی خارکێڤ، سێرگی بۆلینۆڤ، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەوانان رایگەیاند ئەم گوندە دوو رۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانی ئۆکرایناوە کۆنترۆڵکرایەوە.
بۆلینۆڤ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، دوای کۆنترۆڵکردنەوەی گوندەکە، ئەفسەرانی پۆلیس لە ناوچەکەدا دەستیان بە کارەکانیان کردووە و گوتی: "دانیشتوویەكی ئەم گوندە هاتە لامان و باسی ئەو رووداوە ترسناكەی بۆ كردین. لە مانگی ئاداردا كاتێك ئەم گوندە داگیركرا، سێ سەربازی رووسی هاتنە ماڵی ئەو پیاوە (سێرگی لوتسای) و بە زەبر و هەڕەشەلێکردن ناچاریان كردووه بێتە ئەو شوێنەی كە لە پشتمەوە دەیبینن. سەربازە رووسەکان داوایان لێکرد تەرمی دوو کەسی مەدەنی لێرە بنێژێت. ئەو دوو کەسە شوێنی فیشەک بەسەر لاشەیانەوە بوو و گوێچکەکانیان بڕدرابوون".
ناوبراو گوتیشی: "ئەمڕۆ لێكۆڵینەوە لە شوێنی تاوانەكە كرا و تەرمی دوو كەسەکە دەرهێنران. ئێمە دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەین. لەم گوندەدا دوو شوێنی دیکەی هاوشێوە هەیە. لەوێش دەست بەکارەکانمان دەکەین. بەڵام سەرەتا پێویستە زەویەکە لە مین پاک بکەینەوە".
11.09.2022 دیمهنی گوندی گراکۆڤ تۆمارکرا کە لەلایەن سوپای ئۆکراینا کۆنترۆڵکراوەتەوە
رێگە بە چوونی میدیاکاران و رۆژنامەوانان بۆ گوندی گراکۆڤ درا کە دەکەوێتە ناوچەی خارکێڤ و بەر لە دوو رۆژ لەلایەن سوپای ئۆکراینا کۆنترۆڵکرایەوە.