Muhammet Kurşun
24 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 26 نیسان 2021
تاران - AA
تورکەکانی کاشکای لە ئێران کە بە ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن، لە پارێزگاکانی بووشەهر، خوزستان، فارس و گۆهکیلویە-بویەر ئەحمەدەوە دەستیان بە کۆچ کرد بەرەو کوێستانەکانی ئەسفەهان و چەهارمەحال-بەختیاری.
کاشکایڵار کە لە دوای ئازەربایجانییەکان گەورەترین کۆمەڵگەی تورک پێکدەهێنن، لەسەر شێوازی ژیانی کۆچنشینی تورکەکانی ئاسیای ناوەڕاست، بەردەوامن لەسەر نەریتی کۆچ کردن.
ئەو کۆچەی لەگەڵ دەستپێکی گەرما لە پارێزگاکانی بووشەهر، خوزستان، فارس و گۆهکیلویە-بویەر ئەحمەدەوە دەست پێ دەکات بەرەو کوێستانەکانی ئەسفەهان و چەهارمەحال-بەختیاری، نزیکەی ٣٠ رۆژ دەخایەنێت.
تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو، کە لە باشووری پارێزگای ئەسفەهان کۆچی تورکەکانی کاشکای تۆمار دەکات، لە نزیکەوە چاودێری کۆچەکەی کرد و لێدوانی لە کۆچەران وەرگرت.
لە لێدوانێکیدا محەممەد حەسەن تاهیری، کە یەکێکە لە کۆچەریەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە ئاو و هەوا و سروشتی چیای دێنا لە باشووری ئەسفەهان خۆشە و، رایگەیاند: ''شوێنی مانەوەی زستانەمان شارۆچکەی دەشتەسان لە پارێزگای بووشەهر و، کوێستانەکەشمان ناوچەی پادینایە لە شارۆچکەی سەمیرۆم لە ئەسفەهان. سەرەتا مەڕوماڵاتەکەمان دەشۆین و دواتر خوریەکەیان دەبڕینەوە. ٤-٥ مانگی ساڵ لە شوێنی مانەوەی زستانە بەسەر دەبەین، ٤-٥ مانگیشی لە کوێستان، دوو مانگەکەی دیکەش لە رێگای کۆچدا بەسەر دەبەین''.
یەکێکی دیکە لە کۆچبەران بەناوی ئیسماعیل نادریپور، باسی لەوە کرد کە بەهۆی وشکەساڵی ساڵانی رابردووەوە دووچاری کێشە بوونەتەوە و، رایگەیاند: ''شوێنی مانەوەی زستانەمان شارۆچکەی گەچسارانە لە پارێزگای کۆهگلویە-بویەر ئەحمەدە و کوێستانەکەشمان وەردەشتە لە شارۆچکەی سەمیرۆم لە ئەسفەهان. کۆچەکەمان ٢٥-٣٠ رۆژ دەخایەنێت''.
نادریپور باسی لەوە کرد کە باوکی ٥٠ ساڵ لەمەوبەر هەمان کاری کردووە و، خۆیشی بەردەوامی بە هەمان نەریت داوە و، رایگەیاند: ''٢٠٠ سەر ئاژەڵی بچووکمان هەیە. بەم کارە ژیانمان بەڕێدەکەین. لەگەڵ خێزان و منداڵەکانمان بەیەکەوە دەژین''.
هەروەها فەراجوڵڵا ئاشوری، کە ئەویش یەکێکە لە کۆچەرانی هۆزێکی دیکە، رایگەیاند: ''شوێنی مانەوەی زستانەمان گەچسارانە لە کۆهگلویە-بویەر ئەحمەد، کوێستانەکەشمان شارۆچکەی سەمیرۆمە لە ئەسفەهان. کۆچەکەمان یەک مانگ دەخایەنێت. وشکەساڵییە و دووچاری کێشەی زۆر دەبینەوە. لە هەندێ رێگادا بەهۆی بوونی بەفرەوە هەوا زۆر سارد بوو و ئەوەش کۆچەکەمانی سەخت کرد''.