Ömer Faruk Yıldız
01 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2021
کوالا لامپور - AA
سوپای میانمار کە بە کودەتایەکی سەربازیی حکوومەتی هەڵبژێردراوی رووخاند، ئاگربەستی بۆ ماوەی مانگێک لە وڵاتدا راگەیاند.
سەرۆکی ئەرکانی سوپای میانمار، جەنەراڵ مین ئاونگ هیلانگ لە گوتارێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەمەبەستی درێژەدان بە گفتوگۆکانی ئاشتیی لەگەڵ گرووپە نەژادییە چەکدارییەکانی وڵات و بۆ ئەوەی جەژنە ئایینیەکانی ساڵی نوێ لە ١٣-١٦ی نیساندا بە ئارامی بەڕێوەبچن، سوپا تاک لایەنانە تا ٣٠ی نیسان ئاگربەستی راگەیاندووە.
جەنەراڵ مین ئاونگ هیلانگ، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئاگربەستەکە حاڵەتی نائاسایی تیادایە و رایگەیاندووە ''دەستەبەرکردنی شیرازەی گشتیی سوپا دژ بەو چالاکییانەی کاروباری حکوومەت تێکدەدەن لە دەرەوەی ئاگربەستەکەیە''.
لە لایەکی دیکەوە، سوپای سەربەخۆی کاجین کە یەکێکە لە گرووپە نەژادیە چەکدارییەکانی دژبە کودەتا، دەستی بەسەر بنکەی پۆلیسی شارۆچکەیەکی ویلایەتی کاجیندا گرت.
نووسینگەی گوتەبێژی گرووپەکە لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوە کردووە، بنکەکە کە گرنگییەکی ستراتیجیی هەیە، کاتەکانی نیوە شەو لە هێرشێکدا دەستی بەسەردا گیراوە.
گرووپەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بنکەکە ماوەیەکە لەلایەن سوپای میانمارەوە بەکاردەهێنرێت، بەڵام ئاماژەی بە زیانەکانی هێرشەکە نەکرد.
هەریەک لە سوپای سەربەخۆی کاجین و یەکێتیی نیشتمانیی کارەن، ئاماژەیان بەوە کردبوو کە خۆپیشاندەران دەپارێزن دژبە دەسەڵاتی کودەتاچی.
هەروەها هەریەک لە سوپای ئاراکان، سوپای ئازادی نیشتمانیی تانگ و سوپای هاوپەیمانیی دیموکراسیی نیشتمانیی میانمار کە لە ساڵی ٢٠١٨دا ئاگربەستیان لەگەڵ سوپای میانماردا واژووکردووە، دوێنێ لە راگەیەنراوەکانیاندا ئاماژەیان بەوە کردبوو، ئەگەر سوپای میانمار کۆتایی نەهێنێت بە توندوتیژییەکانی بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەوا ئاگربەستەکە تێکدەدەن.