Zana Natık Kerem
02 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
سەركۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق.
بەپێی میدیای فەرمی عێراق، فڕۆكەكەی ئیمانوێل ماكرۆن گەیشتووەتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا.
ئیمانوێل ماكرۆن دوای سەردانەكەی بۆ بەیروت پایتەختی لوبنان كە ماوەی دوو رۆژی خایاند گەیشتووەتە بەغدا.
سەركۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ بەغدا كە ماوەی چەند كاتژمێرێك دەخایەنێت، بە جیا زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق ئەنجام دەدات و چاوەڕان دەكرێت لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی-یش كۆببێتەوە.
دوای دەستبەكاربوونی مستەفا كازمی وەك سەرۆكوەزیرانی عێراق لە مانگی ئایاری رابردووە، ئیمانوێل ماكرۆن یەكەم سەرۆكی وڵاتە كە سەردانی بەغدا دەكات.
دوێنێ سێشەممە ئیمانوێل ماكرۆن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندبوو كە ئەمڕۆ سەردانی عێراق دەكات و لە میانیدا بە هاوكاری لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكاندا، دەستپێشخەرییەك بۆ پاڵپشتیكردن لە سەرەوەریی عێراق دەخاتەڕوو.