Gülşen Topçu
02 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2020
ئیستانبوڵ - AA
گەورەترین بانکی ئیمارات First Abu Dabi Bank بڵاوی کردەوە کە بە مەبەستی هاریکاری لەگەڵ دامەزراوە داراییەکانی ئیسرائیلدا، دەست بە گفتوگۆ دەکەن.
دوای واژووکردنی رێککەوتنی هاریکاری لەنێوان بانکی ناوەندی ئیمارات و وەزارەتی دارایی ئیسرائیل، بانکی FABی ئیمارات راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا کە لە هەژماری بانکی ناوبراو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە دەست بە گفتوگۆ دەکرێت لەگەڵ دامەزراوە داراییەکانی ئیسرائیلدا، بەتایبەتی گەورەبانکەکانی ئەو وڵاتە Bank Hapoalim و Bank Leumi.
لە راگەیەنراوەکەدا هەروەها باس لەوە کراوە کە ئەو گفتوگۆیانە، هاریکاری ئابووریی و دارایی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل بەهێز دەکەن و بە ئامانجی دروستکردنی پەیوەندی دارایی ئەمجام دەدرێن.
هەروەها دوێنێ نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی وەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە لەژێر رۆشنایی ئەو رێککەوتنەی کە لەنێوان بانکی ناوەندی ئیمارات و وەزارەتی دارایی ئیسرائیلەوە واژووکراوە بڕیاردراوە، هاریکاریی لە بوارەکانی بانکی و دارایی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەبێت.
لە ١٣ی ئابی رابردوودا، سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کردبوو كە ئیمارات و ئیسرائیل گەیشتوون بە رێککەوتن بۆ تەواو ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان.
هەروەها دووشەممەی رابردوو، جارید کۆشنەر زاوا و راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ شاندێکی ئیسرائیل و ئەمریکادا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل بە فڕۆکەیەکی بازرگانیی لە شاری تەل ئەبیب-ەوە گەشتی ئەبوزەبی کرد.
شاندی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا، دوای سەردانەکەی بۆ ئەبوزەبی کە دوو رۆژی خایاند و ئەنجامدانی دیدار و کۆبوونەوەی فەرمی، گەڕایەوە بۆ ئیسرائیل.