سوپای عێراق و هێزە شەڕكەرە هاوكارەکانی، ناحییەی گەیارەی سەر بە مووسڵیان كۆنتڕۆڵكردەوە، بەوەش داعش سەرچاوەیەكی گرنگی داهاتەكانی كە لەپاڵاوگە و بیرە نەوتەكانی ئەو شارۆچكەیە كە كۆنترین پاڵاوگەیە لەدەستدا، لەرووی سەربازییشەوە هێزەكانی عێراق گەیشتنە ئەودیوی دیجلە و هاموشۆی ئەوان و ئەمریكییەكانیشی ئاسانكرد كە سەرقاڵی بونیادنانەوەی بنكە ئاسمانییەكەی ئەو شوێنەن، عەقید عامر ئەلجبووری لە سوپای عێراق بۆ ئانادۆڵو رایگەیاند: "لە گەیارە 700 چەكداری داعشمان كوشتووە".
گەیارە 60 كیلۆمەتر لە مووسڵەوە دوورە، بە شوێنێكی ستراتیژیی گرنگ لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵ دادەنرێت، داعش تا دێت خاكی بەردەستی لەدەست دەدات، بەڵام بە وێرانەیی جێیدەهێڵێت.
دوای ئەوەی لە كۆتایی هەفتەی رابردوودا هێزەكانی عێراق ناحیەی گەیارەیان كۆنتڕۆڵكردەوە و داعشیان لەو شارۆچكەیە وەدەرنا، لە ئێستادا سوپای عێراق، هێزەكانی دژە تیرۆر و فیرقەی ئاڵتونی سەرقاڵی هەڵگرتنەوەی ئەو مینانەن كە داعش لە ناحیەکە چاندوونی، هەروەها هەڵمەتەكانی گەیاندنی پێداویستییەكان بۆ ئەو خەڵكەی لەنێو ناحییەكەدا ماون بەردەوامیی هەیە.
گەیارە بۆنی تەرمەكانی داعش كە لەنێو كۆڵانەكاندا جێماون، لەپاڵ خۆڵ و خاشاك و پیساییدا سیمایەک و بۆنێکی ناخۆشیان بە شارەدێیە داوە، روو لە هەرکوێیەکی ناحیەکە دەکەیت، بۆنی ئەو تەرمانە هەراسانت دەكەن، خەڵكی گەیارە بە هاتنی سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەكانی دیكە لە نموونەی دژە تیرۆر كە ئەركی هێرشكردنە سەر داعشی لە شارۆچكەکە و چوونە ناوەوەی بۆ گەیارە لە ئەستۆدا بوو، لە دوای بۆمبارانی سوپای عێراق و هێزەكانی هاوپەیمانان، هەست بە دڵخۆشییەكی زۆر دەکەن، لەنێو بازاڕی شارۆچكەکەدا زۆر بەدڵخۆشییەوە لەگەڵ وتنەوەی گۆرانی خەڵكی شارەكە و هێزە ئەمنییەكان سەمایان بۆ سەركەوتن بەسەر داعشدا دەكرد.
لێرە لە گەیارە، تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو بەنێو شارۆچكەكەدا گوزەرێكی تەواوی كرد، وێرانەیەكی زۆر دەبینرێت، دەتوانین بڵێین هیچ خانوویەك نییە شوێنەواری شەڕی پێوە دیار نەبێت، لێرە هەموو شت شوێنی فیشەك یان پرش"ساچمە"ی تۆپەكانە، هەركەسێكیش دەیدوێنی باس لە ستەمی چەكدارانی داعش و یاسا و رێسا توندەكانیان دەكات، جگەرەكێشەكان دوو ساڵ دەبێت بەو ئازادییەی ئەمڕۆ جگەرەیان لە گیرفان نەناوە و قومییان لەجگەرەكانییان نەداوە.
پاڵاوگەی گەیارە یەکێک لە كۆنترین پاڵاوگەكانی شارۆچكەكەیە، لەساڵی 1956دا لەلایەن كۆمپانیای نەوتی ئینگلیزییەوە كرایەوە و كاری تێدا كرا، لەوكاتەوە نۆژەننەکراوەتەوە و رۆژانێك بوو دەیان هەزار بەرمیل نەوتی دەپاڵاوت و پڕۆژەیەكی ستراتیژیی گرنگ بوو، ئەمڕۆ لەدوای داعش بەشێكی زۆری وێران بووە و زەرەرێكی زۆری بەركەوتووە، ئاسمانی ناوچەكەش رەشییەكی زۆر دایگرتووە و سووتانی بیرە نەوتەكانی گەیارە هێشتا بەردەوامی هەیە، لە ئایندەدا ئەو دووكەڵە رەشە نەخۆشیی زۆری بۆ خەڵكی ناوچەكە كە چەندین هەفتەیە بەدەستییەوە دەناڵێنن، پێیە.
گەیارە بە گەورەترین ناحییەی پارێزگای نەینەوا دادەنرێت، پێش هاتنی داعش بۆ شارۆچكەكە نزیكەی 80 هەزار كەس لەو شارۆچکەیە نیشتەجێبوون، ناوی گەیارە لە بوونی نەوت و قیری زۆرەوە هاتووە كە وەكو دەگوترێت سەرچاوەیەكی باشی نەوتە، سەرباری كانەكانی كبریت لەكەناری رووباری دیجلەش كە بەتەنیشت شارەكەدا تێدەپەڕێت، گەیارە 60 كیلۆمەتر لە شاری مووسڵ پایتەختی خەلافەتی داعشەوە دوورە، لەم شارۆچكەیە وێستگەیەیەكی شەمەندەفەریش هەیە.
عەقید عامر ئەلجبووری فەرماندە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی رزگاركردنی نەینەوا كە لەنێو گەیارە بوو لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوەكرد بەرزگاركردنی گەیارە داعش سەرچاوەیەكی گەورەی داهاتی لەكیس چووە، ئەو لەوبارەیەوە گوتی: "گرنگیی رزگاركردنی گەیارە لەوەدایە كە شوێنێكی ستراتیژی و ئابووریی گرنگە، گەیارە بەهۆی پاڵاوگە و بیرە نەوتەكانییەوە سەرچاوەیەكی سەرەكی بازرگانیی و گرنگ بوو بۆ داعش و هێڵی رووبەڕووبونەوەی سەرەكی بوو بۆ شەڕی دژی داعش، هەماهەنگیی خەڵك لەگەڵ هێزەكانی عێراق و پاڵپشتی كردنی ئێمە زۆر جێگەی بایەخ بوو، ئەوان بەشێك لە چەكدارانی داعشییان كوشت و چەندین بارەگای ئەوانییان سووتاند، سەرباری نەبوونی خزمەتگوزاری بەردەوامین لەسەر بەگەڕخستنەوەی پرۆژەكان و ئێستا ئاومان بەگەڕخستەوە بۆ گەیاندنی ئاو بۆ ماڵەكان".
راشیگەیاند: "پاڵاوگەی گەیارە بەشێكی وێران بووە و پسپۆڕانی بیانی سەرقاڵی ئەوەن ئەو بیرە نەوتانە بكوژێننەوە".
سەبارەت بە زیانەكانی چەكدارانی داعش لە شەڕەكانی چەند رۆژی رابردوو ناوبراو گوتی "نزیكەی 700 چەکداری داعش لەم شوێنە كوژراون و سەركردە سەربازییەكان ئەمەیان دووپات كردووەتەوە".
گرتنەوەی گەیارە لەچوارچێوەی پڕۆسەی رزگاركردنەوەی مووسڵە كە چەند مانگێكە دەستیپێكردووە و سوپای عێراق لەلایەك و هێزەكانی پێشمەرگە لەلایەکی دیکەوە پێشڕەویی بەرچاویان كردووە. گەیارە لەرووی سەربازییەوە لەو شەڕە چارەنووسسازەدا بایەخی ئەوەی هەیە كە سوپای عێراق توانییان بگەنە ئەودیوی دیجلە و چیتر ئاو وەكو سنووری زەحمەتی نێوان داعش و سوپای عێراق بوونی نەماوە، هەروەها گرنگییەكی دیكە ئەوەیە سنووری باشووری مووسڵ زیاتر لەبەردەم سوپای عێراق و هێزە شەڕكەرە هاوکارەکانیدا کراوەتر بووەتەوە، بەتایبەت ئێستا ئەمریكییەكان سەرقاڵی بونیادنانەوە و رێكخستنەوەی بنكەی ئاسمانیی گەیارەن كە رۆژانە بەدەیان بارهەڵگر و کەرەستەی جەنگیی سوپای ئەمریكا لەو رێگەیەوە لە هەولێر و ناوچەكەوە بۆ ئەوبەری دیجلە دەگوێزرێنەوە.
ژمارەیەک ژن لە پاڵ ریزە دوكانێكی گوندی جوانە كە نزیكە لە گەیارەوە دانیشتبوون و بۆ ئانادۆڵو باسیان لە نەهامەتییەكانی خۆیان دەكرد، ئەو ئافرەتانە كە نیشتەجێی گوندی جوانە بوون یەكێكیان بەناوی ئامینە پێی گوتین: "زۆر خۆشحاڵین بەهاتنی سوپای عێراق، سوپاسی خوا دەكەین لەدەستی داعش رزگاری كردین، سوپای عێراق و هێزەكانی دژە تیرۆر و ئەوانی دیكەش زۆر ماڵیان ئاوا بێت كە رزگاریان كردین، بەڵام لێرە هیچ خزمەتگوزارییەك نییە، نە ئاو هەیە نە كارەبا، گرانییەكی زۆر هەیە، كەلوپەل و شمەكمان پێناگات، هیچ شتێك نەماوە بۆ خواردن، داوا دەكەین بەزووترین كات بەهانامانەوە بێن، لێرە خەڵك زۆر برسیكراوە و پێویستمان بەهەموو شتێك هەیە لە ئاو و خواردن".
لەنێو ناحییەی گەیارە هێشتا چەندین تابلۆ بوونیان هەیە كە گوزارشت لە داعش و خەلافەتەكەی دەكەن وەك ناوی شوێنەكان كە لە پارێزگاوە بۆ ویلایەت گۆڕاوە و ئەو سیستمەی داعش پەیڕەوی دەكات لە رووی كارگێڕییەوە، هەروەها تابلۆكانی رادیۆی بەیان و چەندین ئاڵای سوتاوی داعش و دروشمەكانی هێشتا بە دیوارەكانەوە ئەوە دەردەخەن لێرە داعش هەبوو بەڵام بوو بە رابردوو.
خەڵكی گەیارە هێشتا ترسیان لە داعش ماوە، لێرە خەڵك بەتەواوەتی ناوێرن دڵخۆشی خۆیان دەربڕن بەتایبەت لە بەردەم كامێراكان، بەڵام باوەش كردنیان بەیەکتریدا و قسەكردنیان لە پشتی كامێرا، ئەوەی دەردەخست كە تابڵێی دڵیان لە داعش پڕبووە، چەندین گەنج كە قسەیان بۆ دەكردین هەریەكە و بە هۆكارێك دەستگیركرابوون، یەكێك لەوان دەستی بۆ كەسێكی دیكە درێژكرد و گوتی من و ئەو گەنجە سێ رۆژ لەسەر جگەرەكێشان دەستگیركراین و یەكی 75 هەزار دینار سزادراین.
لە نێو بازاڕی شارۆچکەكەدا چەندین گەنج ریزكرابوون بۆ ئەوەی بپشكنرێن، ژمارەیەک ئەفسەری سوپای عێراق پرسیاریان لێدەكردن و ناویان تۆماردەكردن ئەوەش وەكو یەكێك لە ئەفسەرەكان بە تیمی ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت بۆ دڵنیابوونە لەوەی دەستیان بە خوێنی هاووڵاتییان و هێزەكانی عێراق سوورنەبووە.
news_share_descriptionsubscription_contact

