Ömer Tuğrul Çam
26 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 27 کانوونی دووەم 2022
بڕۆکسل – AA
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ رایگەیاند لەم ھەفتەیەدا، بەنووسراوێک وەڵامی داواکارییەکەی رووسیا بۆ رێککەوتن لەگەڵ ناتۆ کە لە مانگی رابردوودا پێشکەشی کردبوو، دەدەنەوە.
یانس ستۆڵتنبێرگ لە میانی لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی (CNN)ی ئەمریکی، ئاماژەی بەوە کرد کە لەدوای راگەیاندنی کرملین بەوەی چاوەڕوانی وەڵامی داواکارییەکەیان دەکەن، ناتۆ ئەم ھەفتەیە بە نووسراوێک وەڵامیان دەداتەوە و گوتی:
"لەئێستادا داواکارییەکانمان لە رێگەی نووسراوێکەوە کۆدەکەینەوە. لەم ھەفتەیەدا بۆیان دەنێرین. ئەمە بەشێوەیەکی ھاوتەریب لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامی دەدەین، چونکە ئەمریکا پێش چەند ھەفتەیەک داواکاری رێککەوتنی پێگەیشتبوو. بە ھەمان شێوە ئێمەش کڵێشەیەکی ھاوشێوەمان وەرگرتبوو، پێیان دەڵێین کە ئامادەین دانیشین و گفتوگۆ لەسەر ھێڵە سەرەکییەکان بەکەین".
رووسيا لە مانگى كانوونى يەكەمی رابردوودا، داواكارييەكى بۆ رێككەوتن لەگەل ئەمريكا و ناتۆ پێشكەش كردبوو كە بابەتى دەستەبەریی ئەمنى لەخۆگرتبوو و داواى ئەوەى كردبوو كە ناتۆ بەڵێن بدات واز لە فراوانبوونى بهێنێت.
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ راشیگەیاند کە ئامادەن گفتوگۆ لەسەر کۆنترۆڵکردنی چەکەکانی ناتۆ، داماڵینی چەک، شەفافییەت لە چالاکییە سەربازییەکان، میکانیزمی کەمکردنەوەی مەترسییەکان و ئاسایشی ئەورووپا و پرسەکانی دیکە بکەن.
یانس ستۆڵتنبێرگ ئەوەشی خستەڕوو کە "ئامادەن گوێ لە نیگەرانییەکانی رووسیا بگرن" و دەربارەی چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکراینا-رووسیا جەختی لەوە کردەوە کە "لەئێستادا رێگایەکی دیپلۆماسیی ھەیە".
سکرتێری گشتیی ناتۆ دووپاتیشی کردەوە کە دەبێت رووسیا گرژییەکان کەم بکاتەوە و ئامادەبێت بە نیازی باشەوە لەگەل ناتۆدا کۆببێتەوە.