Mennatallah H. H. M. Said A.
18 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 20 شوبات 2021
برۆکسل - AA
وەزیرانی بەرگریی ناتۆ، بڕیاریان لەسەر کشانەوە یان مانەوەی ھاوپەیمانییەتییەکە لە ئەفغانستان نەدا بەڵام بڕیاری فراوانکردنی نوێنەرایەتییەکەیان لە عێراق دەرکرد.
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ، لە دوای دانیشتنی رۆژی دووەم و کۆتایی کۆبوونەوەکانی وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ناتۆ کە لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بەڕێوەچوو و وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار نوێنەرایەتی تورکیای تێداکردبوو، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست.
ستۆڵتنبێرگ باسی لەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا ھەڵسەنگاندنیان بۆ نوێنەرایەتییەکانیان لە ئەفغانستان و عێراق کردووە و رایگەیاند بە پێی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و تاڵیبان، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارێک لەسەر بابەتی کشانەوەی سەربازە نێودەوڵەتییەکان لە یەکی ئایار لە ئەفغانستان نەدرا.
ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوە کرد کە ئاستەنگێکی زۆر لە بابەتی ئەفغانستان-دا ھەیە و "بژاردەی ئاسان" نییە و گوتی، "لەم قۆناغەدا دوایین بڕیارمان لەسەر داھاتووی بوونمان لە ئەفغانسان نەدا. لەگەڵ ئەوەشدا بە نزیکببونەوە لە ١ی ئایاردا، ھاوپەیمانەکانی ناتۆ بەردەوام دەبن لەسەر راوێژ و ھەماھەنگییەکانیان".
یانس ستۆڵتنبێرگ ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە لە ماوەی رابردوودا ناتۆ بە رێژەیەکی جیددی ژمارەی سەربازەکانی لە ئەفغانستان کەمکردووەتەوە و رایگەیاند لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆری ئەو ١٠ ھەزار سەربازەی ناتۆ کە لە ئەفغانستانن سەربازی ئەمریکی نین بەڵکو سەربازی ھاوپەیمانەکانی ناتۆن لە ئەورووپا.
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ کە سەرەڕای ئەوەی پرۆسەی ئاشتی لە ئافغانستان خاوبووەتەوە بەڵام پاڵپشتی خۆیانی نوێکردەوە و داوای لە تاڵیبان کرد کە توندوتیژی کەمبکەنەو و گوتی، "زیادکردنی توندوتیژی لەلایەن تاڵیبانەوە شکست بە ھەوڵەکانی ئاشتی دەھێنێت. پەلامارەكانى بەھاری تاڵیبانیش گورزێک بوو لە ئاشتی درا".
- نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێراق فراواندەکرێت
یانس ستۆڵتنبێرگ، لە کاتی ھەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی عێراق گوتی: "ئەمڕۆ ناتۆ بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی ھێزەکانی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و رێگرتن لە دووبارە گەڕانەوە داعش، بڕیاری فراوانکردنی نوێنەرایەتی خۆی لە عێراق دەرکرد. نوێنەرایەتییەکەمان لە ٥٠٠ سەربازەوە بۆ چوار ھەزار سەرباز بەرزدەبێتەوە. چالاکییەکانی راھێنان زیاتر لەگەڵ دامەزراوەكانى عێراق و ناوچەکانی دەرەوەی بەغدا دەبێت".
ستۆڵتنبێرگ جەختی لەوە کردەوە کە ناتۆ لەسەر داواکاری حکوومەتی عێراق لەو وڵاتەدایە و بریارێکی وای دەرکردووە و گوتی، "ئەم کارانە لە چوارچێوەی رێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق بەڕێوەدەچێت".
یانس ستۆڵتنبێرگ تیشکی خستە سەر ئەوەش کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش ھێشتا لە عێراق ماوە و رێگە بە دووبارە بەھێزبوونیان نادەن و گوتی، "دەبینین لەم دواییانەدا پەلامارەکانی داعش زیادیکردووە. ئەمەش ئاماژەیەکە بەوە کە پێویستە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بەھێزتربکرێن".
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ، ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرۆکایەتی نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێراق لە کەنەداوە بۆ دانیمارک دەگوازرێتەوە.